رووداو دیجیتاڵ
125 تووشبووی تالاسیمیا لە سنووری راپەڕین لە چەند ژوورێکی نەخۆشخانەی رانیە چارەسەر وەردەگرن و داوای سەنتەرێکی تایبەت دەکەن. تەندروستیی راپەڕینیش ئاشکرای دەکات، "لە داهاتوویەکی نزیکدا" بینای سەنتەرێکی نوێی تایبەت بە تالاسیمیا دروستدەکرێت.
91 تووشبووی تالاسیمیا لە جۆری ئەلفا و بیتا-ن. ئەمانە مانگانە جارێک یان دووجار خوێن وەردەگرن.
شکار وسوو، تووشبووی تالاسیمیایە و مانگانە یەک بووتڵ خوێن وەردەگرێ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی "هەندێک لە دەرمانەکان و پشکنینەکان، لە رانیە نین و سەردانی سلێمانی دەکەین."
شکار و خوشکێکی تووشبووی تالاسیمیان. شکار، دەڵێت "سێ مانگ جارێک دەچمە سلێمانی، جگە لە زەحمەتیی رێگە؛ خەرجییەکان بەپێی پشکنینەکانە، هەندێک تووشبوو هەیە تاوەکو 400 هەزار دینار خەرجییەتی."
سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای راپەڕین رەتیدەکاتەوە نەخۆش خۆی بچێتە سلێمانی بۆ وەرگرتنی دەرمان. عوسمان محەممەد، لە بەرپرسیار، گوتی "تووشبوو بۆ پشکنینی گەشە دەچێتە سلێمانی چونکە ئەو ئامێرە لە رانیە نییە. جۆری ئەو حەبەی دەشدرێت بە تووشبوو، خراپە و بۆ ئەو بابەتەش قسەمان لەگەڵ وەزیر کردووە."
بەشێکی تووشبووانی تالاسیمیا مووچە وەردەگرن. دوای ساڵی 2014 هەر تووشبوویێکی تالاسیمیا لە لیژنەی پزیشکی دەرچووبێ، مووچەی بۆ نەگەڕاوەتەوە. عوسمان محەممەد، دەڵێت "تەنیا تووشبووانی پێش 2014 مووچە وەردەگرن. ئەوانەی مووچە وەردەگرن ژمارەیان ناگاتە 80 کەس. ناو نێردراوەتە بەغدا، چاوەڕێی هاوتاکردنی مووچەکانیانین."
تەندروستیی راپەڕین، تووشبووان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کیسی خوێن بەردەستە و، "هەموو پشکنینەکان لە رانیە دەکرێن".
دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، لە بەرپرسیارەوە گوتی "نامانەوێ تووشبووانی تالاسیمیا لە بازنەی نەخۆشخانەی رانیە؛ لە بانکی خوێن، تاقیگە و فریاکەوتن دووربکەونەوە، چونکە زۆرجار دۆخیان تێکدەچێ و پێویستییان بەو بەشە جیاوازانە هەیە. ئەو ماندووبوونەی تووشبووان لە رابردوودا هەیانبوو، ئێستا نەماوە و نەخۆش بۆ دڵنیابوونەوە دەچێتە سلێمانی."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، گوتی "نووسراومان بەرزکردووەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەر رەزامەندیی خەرجی لە وەزارەتی دارایی وەربگرین، دەست بە دروستکردنی بینای نوێ دەکەین.'
باسی لەوەش کرد "لە داهاتوویەکی نزیکدا دوو پزیشکمان بۆ دێت. لە قەڵادزێ بانکی خوێن دانراوە و ئیکۆی دڵ لە رانیە و قەڵادزێ هەن. داواکارییەکان بە قۆناخ جێبەجێ دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ