رووداو دیجتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەڵێت، کاتێک ئێزدییەکان خۆیان بە کورد دەزانن، ئیدی کەس مافی ئەوەی نییە لەبری ئەوان بڕیار بدات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێشنیازی ''نەتەوەی ئێزدی'' لە بەرژەوەندیی ئەوان نییە.
د. عیرفان ئۆرتاج، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی پێشنیازی ''نەتەوەی ئێزدی'' کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی واژۆیان کردووە، رایگەیاند: ''کاتێک ئێزدییەکان خۆیان بە کورد دەزانن، ئیدی مافی کەس نییە لەبری ئەوان بڕیار بدات''.
182 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان لەسەر پێشنیازی "نەتەوەى ئێزدى" کردووە و دەیانەوێت ئێزدییەکان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ بناسرێن و لە کوردبوونیان جیایان بکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری کوردانی ئێزدی لێکەوتووەتەوە.
عیرفان ئۆرتاج گوتی، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە واژۆکردنی ئەم پێشنیازە هیچ خزمەتێکیان بە کوردانی ئێزدی نەکردووە و پرسیاری کرد: ''ئەگەر ئێزدییەکان نەتەوە بناسێنرێن، ئیدی مافیان زیاتر دەبێت؟''
عیرفان ئۆرتاج ئاماژەی بەوەش کرد، 260 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەن؛ ئەرکی حکومەت و پەرلەمانی عێراقە کار بۆ گەڕاندنەوەیان بکات و رایگەیاند: ''بەغدا نەوەک تەنیا ئەرکدارە شوێنی ئێزدیان ئاوەدان بکاتەوە، بەڵکو دەبێ بۆ پاراستنیان هەنگاوی پێویست بنێت.''
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بۆ رووداو، لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3ـی ئابی 2014دا نزیکەی 360 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و پێنج هەزاریش لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کران. هەروەها بەهۆی دۆخی ئەمنیی شنگالەوە، تاوەکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەڵێت: ''هەشت میلیشیا لە شنگال هەن کە هەر کامە یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە؛ دەبێ ئەو گرووپانە شنگال جێبێڵن و حکومەت بە تەواوی بگەڕێتەوە ئەوێ و بەڕێوەبردنی بەدەستەوە بگرێت".
ئەو هاونیشتمانییە کوردە ئێزدییە ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێ پەرلەمانتارانی عێراق هەوڵ بۆ ئەوە بدەن کە کوردانی ئێزدی وەک هەموو ''هاووڵاتییان''ـی دیکەی عێراق قبووڵ بکرێن؛ گوتیشی، ''دوای هێرشەکەی داعش، زۆربەی شوێنەکان نۆژەنکراونەتەوە، جگە لە شنگال".
عیرفان ئۆرتاج جەختی لەوە کردەوە، باشترە پەرلەمانتاران بۆ خزمەتکردنی کوردانی ئێزدی لەبری پێشکێشکردنی پێشنیازی ''نەتەوەی ئێزدی''، کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژییەکە بکەن.
ئەو پێشنیازەی ''نەتەوەی ئێزدی'' لەلایەن نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا پێشکێش کراوە و 182 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ