راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ: کەرتی تایبەت 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران دەکڕێتەوە

07-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی ئەو گرێبەستەی کە هەیە، 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە کەرتی تایبەت دەفرۆشرێت.
 
رۆژی هەینی، 07-06-2024، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد رایگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەگاتە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن، رزگار حەمەد خدر گوتی، ئەم ساڵ رووپێویی ''داتا سەتەلایت'' بۆ داچاندنی گەنم لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کراوە، کە پێشتر بڕیار بوو بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی بکرێت، ''بەڵام بەداخەوە ئەوان، هاوبەش نەبوون لەگەڵماندا و ئێمە خۆمان رووپێوییەکەمان کردووە.''
 
بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، بڕشتی گەنم بۆ هەر دۆنمێک زەویی بەراو، هەزار و 400 کیلۆگرام و بۆ هەر دۆنمێکی زەویی دێمیش، 800 کیلۆگرامە. ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: ''ئەم ساڵ بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارینەوە، زۆربەی زەوییەکان هاوشێوەی زەویی بەراو بەرهەمیان هەبووە.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەم ساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆنیان بۆ دیاریکراوە کە دەکاتە 40٪ـی 700 هەزار تۆنەکە. لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە 27.02%ی 700 هەزار تۆنەکە؛ لە پارێزگای هەولێریش 228 هەزار تۆن وەردەگیرێت، کە دەکاتە 32.58%ی 700 هەزار تۆنەکە.
 
وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گومانیان لەو ژمارەیە هەیە کە وەکو بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو، رزگار حەمەد خدر دەڵێت: ''لەگەڵ کابینەکانی رابردووی حکومەتی عێراقیش هەمان گرفتمان هەبووە و بەپێی رێژە (حەسە) مامەڵە لەگەڵ گەنمی جووتیاران کراوە نەک لەسەر بنەمای داتا و زانیاری.''
 
بەگوتەی ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ، سەرجەم ئەو بەڵگە و زانیارییانەی کە پێویستن بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕی بەرهەمی گەنمی جووتیاران، پێشکێشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا کراون و تیمەکانیشیان لە نزیکەوە رووبەری چێندراو بە گەنمیان بینیوە: ''بەڵام بەداخەوە دووبارە مامەڵەی جیاواز (نایەکسان) لەگەڵ ئێمە و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەن.''
 
رزگار حەمەد خدر ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا بەغدا بەپێی ئەو بودجەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، مامەڵە لەگەڵ بڕشت و بڕی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
ئەم ساڵ کردنەوەی دەرگەی سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەفتەیەک درەنگتر لە پار کرایەوە. رزگار حەمەد دەڵێت، پێویستە ئەم هەفتەیە درێژ بکرێتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
 
رزگار حەمەد خدر لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی کە دوای وەرگرتنی ئەو 700 هەزار تۆنە دەمێنێتەوە گوتی: ''دوای ئەوەی کاری سایلۆکان کۆتاییهات، ئەو کات دەگەڕێینەوە بۆ ئەو گرێبەستەی کە حکومەت بۆ وەرگرتنی گەنم لەگەڵ کەرتی تایبەت هەیەتی.''
 
بەگوتەی ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کشتوکاڵ، 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە کەرتی تایبەت دەفرۆشرێت کە 200 هەزار تۆنی پشکی هەولێر، 150 هەزار تۆن پشکی دهۆک و 150 هەزار تۆن پشکی سلێمانی دەبێت.
 
وەک رزگار حەمەد خدر دەڵێت، لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەک بە ئەندامێتیی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بازرگانی، دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی پلاندانان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهاتووە کە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات و نرخ، خەرجی و میکانیزمی وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە دیاری دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024، حەیدەر گەرعاوى بە رووداوی گوت، لەگەڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هەمان رۆژ چەکى پارەکەیان پێدەدرێت ب گوێرەى جۆرى گەنمەکە، گوتیشی: ''بۆ هەموو عێراق یەک پێوەرە و دوو جۆرە، یەکێکیان بەبێ لێبڕین کە 850 هەزار دینارە بۆ یەک تۆن، ئەوى دیکەیان کە کوالێتى نزمترە، بڕێک پارەى کەمى لێ دەبڕدرێت."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئاسایشی سووریا لە نزیک دیمەشق جێگیر کراون. وێنە: AFP

بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لەبارەى رووداوەکانی سووریا: رێگەچارەی سەربازى هەرگیز ئەنجامى نەبووە

بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى هەرێمى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا رایگەیاند، نیگەرانن لەو پێشهاتانەى لە شارەکانى سەحنایا و جرمانا روویانداوە و دەڵێت، "رێگە چارەى سەربازیى هەرگیز ئەنجامى نەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانى سووریا".