رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا دەڵێت، پێشنیازی ''نەتەوەی ئێزدی'' کە لە پەرلەمانی عێراق پێشکێشکراوە، "نایاساییە" و رەتیدەکەنەوە.
رۆژی هەینی 07-05-2024، سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، لەبارە کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێشنیازی ''بە نەتەوەناساندنی ئێزدییان'' رایگەیاند، ''ئێمە دژی ئەم پێشنیازەین، ئەم بڕیارە نەک تەنیا لە دژی کورد و کوردستان، بەڵکو لە دژی هەبوونی ئێزدییانیشە''.
182 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر پێشنیازی "بە نەتەوەناساندنی ئێزدییان" کردووە و دەیانەوێ کوردی ئێزدی وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بناسێنن و لە کورد جیای بکەنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری ئێزدییانی لێکەوتووەتەوە.
سەرحان عیسا، داوا لە ئێزدییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات سوود لە ئەزموونی کوردانی ئێزدیی سووریا وەربگرن کە لە ساڵی 2011ـوە لە پڕۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بەشدارن.
ئەو گوتەبێژە باسی لەوەکرد: ''لالشی نوورانی، ڤاتیکانی کوردانە، کاتێک گۆڕبەهەشت مەلا مستەفا بارزانی گوتی، کەرکووک قودسی کوردانە، خۆزگە گوتبای لالش قودسی کوردانە. ئێزدی کوردە، کوڕی کوردستانە و نەتەوەی ئێمە کوردە.''
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا پێیوایە ئەم 182 پەرلەمانتارەی واژۆیان بۆ پێشنیازەکە کردووە، دژی ئێزدی و کوردن: ''ئەگەر نا، با بچن واژۆ بۆ بە کافرناساندنی داعش کۆبکەنەوە و وەک رێکخستنێکی تیرۆریستی بناسێنن، بێگومان ئەمە واژۆ ناکەن، چونکە زۆربەیان پاشکۆی داعشن و دەیانەوێت زیان بە کورد و کوردستان بگەیێنن''.
سەرحان عیسا پێشنیازی ''بە نەتەوەناساندنی ئێزدییان'' بە نایاسایی دەزانێت و دەڵێت: "ئێمەش دەتوانین سکاڵایەکی یاسایی لەوبارەوە پێشکێش بکەین و گلەیی لە پەرلەمانی عێراق بکەین. قبووڵکراو نییە نەتەوە و ناسنامەی ئێمەی ئێزدی بخەنە ژێر پرسیار و بڵێن کورد نین.''
داواکارییەکە لەلایەن نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا پێشکێش کراوە. سەرحان عیسا گوتی: ''هەندێک هێزی سیاسیی کوردی دەستوەردان لە هەموو ژیانی ئێزدییاندا دەکەن، بۆ ئەوەی بەرەو بەعەرەبکردنیان ببەن.''
بە گوتەی سەرحان عیسا، پێشتر لەلایەن عەرەبەوە پێشنیازی لەو شێوەیە بۆ کوردی ئێزدیی سووریاش کراوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە؛ دەشڵێت: ''ئێستا ئێزدییان لە تواندنەوەیەکی بێسنوور دان، تەنانەت لە ئەورووپا و ئەڵمانیاش هەوڵ دەدرێت ئێزدی لە کورد جیا بکەنەوە.''
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، ''هەڵوێست و ئاخافتنی سەرۆک بارزانی کە دەڵێت، ئێزدی کوردی رەسەنن، بۆ ئێمە دەستوورە. ئەو پەرلەمانتارە [نایف خەڵەف سیدۆ] مافی نییە لەبری زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن ئێزدی بڕیار دەدات.''
وەک سەرحان عیسا دەڵێت، بڕیارە رۆژی 27ـی حوزەیران ئەنجوومەنی ئێزدیی سووریا، لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆببێتەوە کە بابەتی ئەو پێشنیازەی نایف خەلەف سیدۆی تێدا باس دەکرێت.
پێشتر لە 18ـی تشرینى دووەمى 2023، نایف خەڵەف سیدۆ، نووسراوێکى ئاراستەى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، داواى کردووە فەرمان بدرێت بە دامەزراوە فەرمییەکان کە وەک ئایین و نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان بکرێت.
لە 5ـی ئایارى 2024، د. کازم کەریم، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى یاسایی لە ئەمینداریێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران وەڵامى ئەو نووسراوەى نایف خەڵەفی داوەتەوە و، دەڵێت: "بەگوێرەى دەستوور، ئێزدییەکان وەک ئایین هەژمارکراون و ئاماژەى تێدا نییە، کە وەک نەتەوە هەژمار بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ