رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، هێڵکەکەی مانگی رەمەزان "مەترسیدارە" و هیچ رێککەوتێکی لەسەر نییە، ئەوە جگە لەوەی خراپن و بۆنی ناخۆشی لێ دێت. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێریش دەڵێت: "ئەو هێلکەیەی لە هەولێر دابەشدەکرێت هەمووی لە کێڵگەکانی هەولێر کڕدراون."
رۆژی یەکشەممە، 07-05-2023، کاسترۆ مەعرووف، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هێلکەیەی کە بڕیار بوو مانگی رەمەزان دابەشبکرێت و ئێستا دابەشدەکرێت، مەترسیدارە، چونکە هیچ رێککەوتێکی لەسەر نییە؛ تەنانەت کارتۆنەکانیش رێککەوتیان لەسەرنییە، ئەوە جگە لەوەی کە بۆنی دێت و بەشێکیان خراپبوون و کرمی تێدا دەبیندرێت."
کاسترۆ مەعرووف دەڵێت: "بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی بریکارەکانم کردووە و بەشێک لە هێلکەکانم بینیوە، ئەوانە بە کەڵکی خواردن نایەن، پێویستە لیژنەکانی قایمقامیەت و تەندروستی بەدواداچوون بکەن و رێگری لە دابەشکردنی ئەو هێلکەیە بکەن."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی رەتیدەکاتەوە هێلکەی بێ رێککەوتیان دابەشکردبێت و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هەرکەسێک هێلکەی خراپ و نەشیاوی وەرگرت سەردانیان بکات و بۆی بگۆڕن.
شەوکەت محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێلکەی خراپ دابەش ناکەین، ئەو هێلکەی دابەشی دەکەین لە بەغداوە هاتووە و هەمووی رێککەوتی لەسەرە، ئەوەی لە تورکیا و ئێرانەوە دێت بەرواریان لەسەرە و بەشێکیان ئەگەر لەسەر هێلکەکە نەبێت لەسەر کارتۆنەکانیان هەیە، بەڵام بەگشتی یەک هێلکە بشکێت ئەوانەی دیکەش بۆگەن دەکات، ئەوە یەکێکە لە کێشەکانمان، ئەگینا بە گشتی 80٪مان دابەشکردووە و کێشەی نەبووە."
بڕیاربوو لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگی ئاداردا کە تایبەت بوو بە مانگی رەمەزان، هێلکە، نیشاستە، ماکەرۆنی و ئاردی سفر دابەشبکرێن. ئەو پێداویستییانە دابەشکران جگە لە هێلکە، بەڵام ناردنی هێلکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023 گەیشتە پارێزگاکان و دەست بە دابەشکردنی کرا.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هێلکەیەی لە هەولێر دابەشدەکرێت لە کێڵگەکانی هەولێر کڕدراون، چونکە هەر لە سەرەتاوە بە عێراقمان گوتبوو کە هێلکەی ئێرانی و بێ رێککەوت وەرناگرین، بۆیە نوێنەرێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی هەولێری کردووە و بەشی پێویستی لە هەولێر کڕیوە و بە دەستی بریکارەکان گەیشتووە و هەمووی رێککەوتی لەسەرە و تاوەکو 30 رۆژ بەکاردێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ