رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکێش نەکراوە. گوتیشی، "هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-04-2024 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لەبارەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە تێیدا بەشداربوو، رایگەیاند، "هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکێش نەکراوە."
شەوی رابردوو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە. سەرۆکی یەکێتی گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی زۆر بابەتی گرنگ کرا.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق لەخۆدەگرێت، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا رایگەیاند، لایەنەکان باسی ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و رێکارەکانی باشترکردنی دۆخی ئابووری و بژێوی هاووڵاتیانیان لە سەرانسەری عێراق کرد.
بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا کە ئایا هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، گوتی، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنی نییە.
10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
1ی نیسانى 2024 جومانە غەلاى بە رووداوى راگەیاند، دوو هاوپەیمانێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ