لە کرماشان دەست بەسەر 800 کیلۆگرام گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیرا

07-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری کرماشان دەست بەسەر 800 کیلۆگرام گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیرا. بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی شارەکە دەڵێت، دوو فرۆشگەی سەرپێچیکاری گۆشت داخراون.
 
تورەج کەرەمیان، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 48 کاژێری رابردوودا سەردانی زیاتر لە 200 دووکان، سەربڕخانە و کۆگەی گۆشتی شاری کرماشانیان کردووە، لە ئەنجامدا دەست بەسەر 800 کیلۆگرام گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیراوە.
 
تورەج کەرەمیان گوتی، گۆشتە ماوەبەسەرچووەکە بە شێوەی زانستی لەنێوبراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ چوار شوێنی سەرپێچیکار کراوەتەوە؛ هەروەها دوو فرۆشگای گۆشتیش داخراون.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی شارەکە، لە 12-02-2024 تاوەکو 19-02-2024 زیاتر لە 850 کیلۆگرام گۆشتی ماوەبەسەرچوو لە کرماشان دەستی بەسەرداگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ سێ کەسی پەیوەندیدار بەو بابەتە کراوەتەوە.
 
ئەنجوومەنی ئاژەڵدارانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، نزیکەی شەش ملیۆن سەر ئاژەڵ لە پارێزگەکەدا هەن؛ هەربۆیە ساڵانە لەوێوە بڕێکی زۆر گۆشتی سوور بۆ پاریزگەکانی دیکە هەناردە دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە