رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دەست بەسەر ملیۆنێک و 400 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گیراوە. دەشڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا، نزیکەی 200 کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە ئارێز خالید پێشکەشی کرد و لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەخشکرا، لەبارەی مەترسیی پەرەسەندنی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
عەقید سەلام رایگەیاند، لە دیارترین مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر، "هەڵوەشانەوەی خێزان و لەنێوبردنی تواناکانی گەنجانە لە هەرێمی کوردستان.''
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتی، مادەی هۆشبەر نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان یان عێراق بەڵکو بۆ هەموو جیهان بابەتێکی مەترسیدارە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگە هەیە.
''بۆیە پێویستە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر، زیاتر سەرنج بخاتە سەر رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم مادەیە''.
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە دوو مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، نزیکەی 200 کەس لە بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە بەراورد بە دوو مانگی سەرەتای ساڵی 2023، ژمارەیان زیادیکردووە.
زۆربەی ئەو مادە هۆشبەرەی کە دێتە نێو هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی دراوسێیەوە هاوردە دەکرێت.
سەلام عەبدولخالق دەڵێت، جگە لە نێو شارەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر سنوورەکانیش رێگری لە دزەپێکردنی مادەی هۆشبەر کراوە، ''سەرنجمان زیاتر لەسەر دەستگیرکردنی بازرگان و دابەشکارانی مادەکەیە.''
کریستاڵ، دیارترین مادەی هۆشبەرە لە هەرێمی کوردستان
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: ''بەشێکی زۆری مادەی هۆشبەر کە لە سنوورەکانەوە هاوردە دەکرێ، مادەی کریستاڵە کە ئێستا بە رادەیەکی باش کۆنترۆڵ کراوە.''
سەلام عەبدولخالق گوتیشی، لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا دەست بەسەر نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گیراوە، کە نزیکەی 169 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەکات.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەبەستی بازرگانەکە ئەوە بووە کە وەکو ترانزێت لە هەرێمی کوردستان کەڵک وەربگرێت و لەوێوە مادە هۆشبەرەکە بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بنێرێت.
''سەردانی سەرجەم کافتریاکان دەکەین''
رێگەکانی ئاڵودەبوون بە مادەی هۆشبەر جۆراوجۆرن، بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک؛ نێرگەلە یەکێک لەو رێگەیانەیە.
وەک سەلام عەبدولخالق دەڵێت، ئێستا لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە کە هەفتانە جارێک بۆ دووجار سەردانی سەرجەم کافتریاکان دەکات: ''ئەم لیژنەیە راپۆرتی خۆی پێشکێش دەکاتەوە و بەخۆشحاڵییەوە بەپێی راپۆرتەکان تاوەکو ئێستا لە نێو کافتریاکاندا مادەی هۆشبەر بەکارنەهێنراوە.''
بەپێی یاسای تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان، سزای بەکارهێنەری ئەو مادەیە، یەک بۆ سێ ساڵ زیندانیکردنە.
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی کاریگەری بۆ شیاندنەوەی ئالوودەبووان نییە.
ئەوە لەکاتێکدایە "بۆ رێگری لە دووبارە تێوەگلانی سزادراوانی بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر، پێویستە لە رێگەی سەنتەرێکی شیاندنەوەی کاریگەر کاریان لەسەر بکرێت، ئینجا بخرێنەوە نێو کۆمەڵگە.''
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 11-12-2023 لە نێو هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و 418 سزادراو هەبوون.
لەو ژمارەیە، هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون؛ 520یان بازرگان و 660یان بەکارهێنەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ