لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق سەردانی مانگرتووانی سلێمانی کرد

07-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق سەردانی خێوەتی مانگرتووانی سلێمانیی کرد و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش داوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە دەکەن، لە بەرامبەردا بەشێکیان دەڵێن، "مانگرتووان خۆیان بڕیار لە بەردەوامبوون یان شکاندنی مانگرتنەکە دەدەن."
 
ئەمڕۆ هەینی 07-02-2025 لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق، کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پێکهاتووە، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن، سەردانی خێوەتی مانگرتووانی سلێمانییان کرد، بەڵام دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکان دروستبوو.
 
یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی مانگرتووانی سلێمانی دابەشکردنی مووچەیە لەکاتی خۆیدا و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووە. دوای سەردانەکە، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بە خۆشییەوە دەتوانین بڵێین بەشێک لە کێشەکانی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2025 کۆتایی هاتووە."
 
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی، "ئێستا بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانی مانگرتووان جێبەجێ کراون، بۆ ژیانی ئەوان، بۆ تەندروستیی ئەوان، بە ناوی هەموو فراکسیۆنەکانەوە داوا دەکەین کۆتایی بەو مانگرتنە بهێنن، ئێمە دەبینە پارێزەرێکی راستەقینەی ئەوان، بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی کە ماون."
 
بەڵام سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ قسەکانی بە هەرێم کەمال ئاغا بڕی و بەشێک لە قسەکانی رەتکردەوە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ئێمە نەهاتووین بۆئەوەی مانگرتووان واز لە مانگرتنەکەیان بهێنن، بەڵکو دەستخۆشی لە ئازایەتی، بوێری و بەردەوامییان دەکەین و، پێمانوایە ئەم کارەی ئەوان دەیکەن، کارێکی زۆر بوێرانەیە کە هیچ کەسێکی دیکە پێش ئەوان نەیکردووە."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیانین، دەستخۆشییان لێدەکەین و پێمانوایە بەردەوامبوونیان ئەرکی خۆیانە، دەیانەوێت بەردەوام بن، دەیانخەینە سەر چاومان، خۆیان واز دەهێنن، بە هەمان شێوە پاڵپشتییان دەکەین."
 
هاوکات سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، "بڕیاری بەردەوامیی مانگرتن بڕیاری خۆیانە، ئێمە هیچ گوشارێکمان نییە و ئەوە خۆیانن بڕیار دەدەن."
 
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری عێراق لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش گوتی، "ئێمە لە پەرلەمانی عێراق واژۆمان کۆکردووەتەوە و راگەیێندراوێک لە پەرلەماندا خوێندرایەوە، بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێندرێت، کە بە خۆشحاڵییەوە لیژنەکە ئەمڕۆ هاتە خێوەتی مانگرتووانی سلێمانی."
 
دارا سێکانیانی گوتیشی، "پێویستە هەموومان کۆک بین و گوشار لە دەسەڵات بکەین بۆئەوەی ئەم بڕیار و بەڵێنانەی کە دەدرێن، جێبەجێ بکرێن، چونکە لە رابردوودا بەڵێنی زۆر دراون و بەداخەوە جێبەجێ نەکراون."
 
ئەمڕۆ 11 رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە شاری سلێمانی بۆ چەند داواکارییەک مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە.
 
داواکاریی سەرەکیی مانگرتووانی سلێمانی پێدانی مووچەیە 30 رۆژ جارێک، تەوتینکردنی مووچەکانیان و گەڕاندنەوەی پلە بەرزکردنەوەیە کە لە ساڵی 2016وە راگیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە