رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان دەڵێت، لە 10 مانگدا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 853 ملیۆن دینار کەلوپەلیان هەناردە کردووە. گوتیشی، بەراورد بە هەمان کاتی پار، لەڕووی نرخەوە هەناردەیان 17% زیادیکردووە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-01-2025، شەش ملیۆن و 511 هەزار تۆن کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە.
عەباسزادە گوتی، بەهای ئەو کەلوپەلە هەناردەکراوە دەگاتە دوو ملیار و 853 ملیۆن و 547 هەزار دۆلار.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان، لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردە بە بەهای 809 ملیۆن و 883 هەزار دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە کراوە، کە دوو ملیۆن و 406 هەزار تۆن کەلوپەل بووە.
زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراون بریتین لە: ئاسن، بەرد، کاشی، میوە و سەوزە، مەڕمەڕ، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەوییش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ