لە ئامەد هاونیشتمانیان لە ترسی کۆرۆنا کاڵا و کەلوپەلی چینی ناکڕن

07-02-2020
مەهدی موتلو
لە ئامەد رێژەی فرۆشی مۆبایلی چینی لە 50٪ دابەزیوە
لە ئامەد رێژەی فرۆشی مۆبایلی چینی لە 50٪ دابەزیوە
نیشانەکردن ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانن و لە رۆژانی رابردوودا زۆربەیان بڕیاریانداوە کەلوپەلی چینی نەکڕن. ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی رێژەی فرۆشی کەلوپەلی چینی کەمببێتەوە.
 
هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاونەبووەتەوە، کەچی ترس لێی بە هەموو وڵاتاندا بڵاوبووەتەوە.
 
زوحەل ئەکەر، دانیشتووی ئامەدە و دەڵێت، "ئێمە زۆر دەترسین کە لەگەڵ منداڵەکانمدا تووشی ئەو ڤایرۆسە ببین. منداڵەکانم دەچنە قوتابخانە و تێکەڵی خەڵک دەبن. بەڕاستی سەختە".
 
ئێستا لە ئامەد ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر کاڵا و کەلوپەلی چینی داناوە و هاونیشتمانییان مۆبایلی چینی ناکڕن و مۆبایلفرۆشانی ئامەد ئاماژە بەوە دەدەن کە رێژەی فرۆشی مۆبایلی چینی لە 50٪ دابەزیوە.
 
وەڵات چەلیکبیلەک، مۆبایلفرۆشێکی ئامەدە و دەڵێت، "ئێستا داواکاری لەسەر مۆبایل و کاڵای چینی گەلێک دابەزیوە، خەڵکی ئێمە نیگەرانن و نایانەوێت کاڵای چینی ببەنە ماڵەکانیان. کارەکەمان کزبووە، چونکە زۆربەی کاڵاکانمان چینین".
 
پسپۆڕانی پزیشکی ئاماژە بەوە دەکەن کە مرۆڤ خۆی لە نەخۆشیی درم بپارێزیت زۆرباشە، بەڵام ئەوەش دەبێت بە شێوازی زانستی بێت.
 
پرۆفیسۆر د. عەبدولڕەحمان شەنیگیت، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگە و دەڵێت، "ڤایرۆس لە زیندووەوە بۆ زیندوو دەگوازرێتەوە، ئێمە ناتوانین بڵێین لەڕێگەی کەلوپەلی چینییەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە. دەبێت خەڵک لەم بارەیەوە هەست بە نیگەرانی نەکات. تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئەو ڤایرۆسە لە ئامەد تۆمارنەکراوە".
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 25 وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا لە کوردستان هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە