رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران دەڵێت، کارەبای هیچ گەڕەکێک تاوەکو ئێستا نەکراوەتە 24 کاژێری. "ئەم ساڵ پرۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری) دەگاتە سۆران."
رۆژی سێشەممە، 07-01-2025، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ــی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
ئەردەوان ئیبراهیم دەڵێت، ئێستا لە سۆران لە دوو کاتی جیاواز کارەبای نیشتمانی دەدرێت، لەبەر ئەوەی گوندەکانی دەوروبەری موەلیدەیان نییە، بەڵام بەگشتی رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
کارەبای موەلیدەش رۆژانە 9 کاژێرە. جگە لەوانە لە کاژێرەکانی دیکە کارەبا نییە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، چونکە کارەبای نیشتمانی کاتەکەی جێگیرە، وایکردووە کات و پارەی ئەمپێری کارەبای موەلیدەش جێگیر بێت و لە ئەگەری گۆڕانکاریدا کاژێرێک زیاد یان کەمبکات. نرخی ئەمپێرێکیش مانگانە لەنێوان 10 بۆ 12 هەزار دینارە.
لەبارەی ژمارەی موەلیدەکانیشەوە گوتی، لە سەنتەری سۆران 100 بۆ 116 موەلیدەن هەن. بە هەر 6 قەزاکەشیەوە نزیکەی 85 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. لەو ژمارەیەش، 53٪ـی ماڵ و ئەوەی دیکە شوێنە بازرگانییەکان و دامەزراوەکانن.
زۆرترین خواست لە وەرزی زستاندایە کە گوشار لەسەر کارەبا دروستدەکات. ئەردەوان ئیبراهیم گوتی، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، 300 مێگاوات کارەبایان پێویستە. ئێستا 100 مێگاواتیان بۆ دابینکراوە.
لەبارەی زیادکردنی کاژێرەکانی کارەباشەوە باس لەوە دەکات، پڕۆژەیەک هەیە بۆ دابینکردنی 100 مێگاوات کارەبا لە وزەی پاک، بەڵام هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر جێبەجێبکرێت، 8 کاژێری دیکە پێدانی کارەبای نیشتمانی لە سۆران زیاد دەکات.
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران باسی لەوەشکرد، ئێستاش کارەبای حاجی ئۆمەران لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە ناوە ناوە هەڕەشەی بڕینی دەکات، بۆیە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە گوژمەی 13 ملیار دینار کارەبا گەیێندراوەتە حاجی ئۆمەران.
ئێستاش ئەو کارەبایەی هەیە ئێران دابینی کردووە، بەڵام لە ئەگەری هەر پچڕانێکی، وەک ئەردەوان ئیبراهیم دەڵێت، ژێرخانی کارەبا بۆ حاجی ئۆمەران ئامادەیە و دابین دەکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستکراوە کە توانای بەرهەمهێنانی 33 مێگاوات کارەبای هەیە.
بەڕێوەبەرەکە گوتیشی، نرخی کارەبای شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکان هاوشێوەی کارەبای ماڵانە کە 156 دینارە بۆ هەر کیلۆواتێک.
لەبارەی رێژەی بەفیڕۆچوونی کارەباشەوە بەڕێوەبەری کارەبای سۆران دەڵێت، دوای راگەیاندنی پێوەری زیرەک و بەستانی، پڕۆژەکە لە بەشێکی سۆرانیش جێبەجێکراوە. لەو شوێنانەشی پێوەرەکە بەسترابێت، بەفیڕۆچوون و سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا لە سفر نزیکبووەتەوە.
لەو شوێنانەشی پێوەرەکە دانەنراوە، رێژەی سەرپێچی 30٪ـیە. ئێستا لە کۆی نزیکەی 85 هەزار هاوبەش، 54 هەزاریان پێوەری زیرەکیان بەستراوە.
ئەردەوان ئیبراهیم گوتی، دەبێت ئەم ساڵ پێوەرەکە بۆ ئەو بەشەی دیکەی هاوبەشانیش دابنرێت کە بۆیان نەبەستراوە، چونکە بڕیار وایە ئەم ساڵ پڕۆژەی رووناکی بگاتە سۆران کە تایبەتە بە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ