فەهمی بورهان: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک سەردانی بەغدا دەکەین

07-01-2024
پەیمان محەممەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ رێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی سوپا لە کەرکووک سەردانی بەغدا دەکەن. لەبارەی گەڕەکی نەورۆزیش گوتی، ''هیچ گەڕەکێکی کوردی لە شارەکە چۆڵ ناکرێت.''
  
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک راگەیاند کە پێشتر لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان گوشاریان خرابووە سەر.
 
فەهمی بورهان گوتی، ''تاوەکو ئێستا هەموو کێشەکانی کەرکووک ئەگەری چارەسەرکردنی بنەڕەتییان هەبووە، بەڵام بەداخەوە دەستوەردانی سوپا لە کاروباری شارەکەدا رێگری لە چارەسەرکردنیان کردووە.'' 
 
رۆژی 2ـی کانوونی دووەم، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک بۆ چۆڵکردنی 122 خانوو، کە لە سەردەمی رژێمی بەعس بە زێدەڕۆ لەسەر زەویی هاووڵاتییانی کورد دروستکراون و دەستیان بەسەر ئەو خانووانەدا گرت کە چۆڵ بوون، هەروەها ناوی ئەو خێزانانەشیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵی بکەن.
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە دژی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراقە، ''ئەگەر سوپا یان هەر لایەنێکی دیکە قسەیان هەیە، ئەوە دادگە و پۆلیس هەیە و دەتوانن لەم رێگەیەوە سکاڵا تۆمار بکەن''.
 
فەهمی بورهان لەبارەی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکیکار و پشتیوانی دانیشتووانی گەڕەکەکەیە و ''ئەوەی پێویستە بۆ جووڵاندنی یاسایی دۆسیەکە دەیکەین، بۆ ئەوەی کێشەکە بە تەواوی یەکلایی بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت رێگری لە دەستوەردانی سوپا لە کاروباری شارەکەدا بکرێت''.
 
پێشتریش سوپای عێراق بە بڕیارێکی ساڵی 2019 دەستی بە گوشارخستنەسەر هاونیشتمانییان کردبوو بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک، بەڵام ئەو کات لایەنە کوردستانییەکان بڕیارەکەیان پووچەڵکردەوە، کەچی دووبارە سوپای عێراق بە هەمان شێوە بڕیارەکەی پێشووی هێناوەتەوە.'
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی، سکاڵای یاسایی لەسەر دۆسیەکە تۆمار دەکەن و جەختیشی لەوە کردەوە: ''ئێمە دەبێ پرسی دەستوەردانی سوپای عێراقی لە کاروباری شارەکە بە تەواوی بنبڕ بکەین.''
 
وەک فەهمی بورهان ئاماژەیدا، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە کە بڕیارە سەردانی بەغدا بکەن و کار بۆ هەڵوەشاندەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و لیژنەی کاروباری باکوور بکرێت کە دوای رووخانی رژێمی پێشووش (بەعس) هێشتا کاریان پێدەکرێت.
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی دەستوەردانەکانی سوپای عێراق رەنگە گرفت و سەرئێشە بۆ کورد دروست بکرێت، بەڵام ''هیچ'' گەڕەکێکی کوردی لە شارەکە چۆڵ ناکرێت، گوتیشی، ''لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق دەبێت، بۆ ئەوەی رووبەری کێشەکانی کەرکووک کەم بکرێنەوە.'' 
 
هەریەک لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداویان راگەیاندبوو، لە ئاستی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکە لەسەر هێڵن.
 
دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشاردا لە گەڕەکی نەورۆز کشایەوە، بەڵام حەوت خانوو کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون، رادەستی پۆلیس کران.
 
هەر لەوبارەوە رێبوار تەها، بەربژێری دەرچووی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوێنێ شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بەدواداچوونی یاسایی بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆز دەکەن، ئاشکراشی دەکات لە بەدواداچوونی سەرجەم ئەو موڵکانەی وەزارەتی بەرگری خاوەنیانە،''بە هیچ شێوەیەک'' باس لە گەڕەکی نەورۆز وەکو موڵکی وەزارتی بەرگری نەکراوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە