مەلا بەختیار بۆ رووداو: دەنگەكانی یەكێتی بەڕێژەی 10- 15% كەمدەكەن

07-01-2018
رەنج سەنگاوی
تەواوی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی
تەواوی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی
نیشانەکردن مەلا بەختیار
A+ A-

رووداو - هەولێر

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو)، باسی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكات و دەڵێت 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەریی خراپی لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێت، پێشبینی دەكات بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەر و كێشەكانی دیكەوە دەنگی یەكێتی تاوەكو 15% كەم بكات.

لە هەڤپەیڤینەکەدا مەلا بەختیار لەبارەی گشتپرسی، رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک، کۆنگرەی یەکێتی، جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح، گەندەڵی، مووچە، قەیرانی دارایی، هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراق وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی: ئێستا باس لەوە دەكرێ‌ سەرەتای مانگی نیسان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ، ئایا یەکێتی ئامادەیە؟ مەلا بەختیار گوتی: "ناتوانم بڵێم بەتەواوەتی ئامادەین، بەڵام مەبدەئی هەڵبژاردن رەتناكەینەوە. كێشەمان هەیە، دەبێ‌ پرۆگرام ئامادەبكەین. لیست ئامادەبكەین. كۆنگرە پێش هەڵبژاردن ببەستین. وەكو یەكێتی كێشەمان هەیە، لەگەڵ پارتی كێشەمان هەیە، هێشتا لە یەكدی دڵنیا نین". گوتیشی: "بەشی زۆری حیزبەكان پێیانباشە چەند مانگێك هەڵبژاردن دوابخرێ‌. بۆ ئەوەی دڵنیابن بێنە نێو هەڵبژاردن. بەڵام ئێمە نابینە كۆسپ لەبەردەم هەڵبژاردن".


لەبارەی ئەوەی چ پێشبینییەكیان هەیە بۆ رێژەی دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا؟ مەلا بەختیار گوتی: "من پێموانییە هیچ حیزبێك رێژەی جاران بێنێ‌، مەگەر لایەك تەزویر بكات. چونكە ناڕەزایی خەڵك و قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر رێژەی دەنگ دەبێ"‌. 

هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری لەسەر دەنگەكانی یەكێتی چی دەبێ‌؟ مەلا بەختیار گوتی: کاریگەرییەکەی سلبییە، بەتایبەتی لە كەركووك. لەبەرئەوەی خەڵك ئیستیعابی ناكات، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە نییە راستییەكان دەربخات. هێرشێكی گەورە لەسەر ئێمە هەیە، بێگومان ئەوە كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بەشێك لە دەنگدەر دەبێ"‌.

لەبارەی ئەوەش 16ی ئۆكتۆبەر سەتا چەندی دەنگەكانی یەكێتی دەبات؟ مەلا بەختیار گوتی: "ئێمە تەنیا كێشەی 16ی ئۆكتۆبەرمان نییە، كێشەی دیكەشمان هەیە، ئەگەر بەیەكەوە كۆببێتەوە 10% تا 15%ی دەنگەكانمان كەم دەكات".

هەر لە هەڤپەیڤینەکەدا مەلا بەختیار باسی بەستنی کۆنگرەی حیزبەکەی کرد و لەبارەی وادەکەی گوتی: "ئەمە پێویستی بە كۆدەنگیی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هەیە. من پێموایە لە 1/3 تاوەكو 15/3 كاتێكی گونجاوە بۆ بەستنی كۆنگرە".

سەبارەت بە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتیش لە کۆنگرەدا مەلا بەختیار گوتی: "پۆستی سكرتێری یەكێتی، مام جەلال زۆر بە جوانی بەرجەستەی كردبوو، گوناهە كەس جارێكی دیكە بیر لەو پۆستە بكاتەوە. تەنانەت من لەگەڵ جێگیریش نیم، نەك سكرتێر. جۆرێك لە پەیكەرێكم لە خەیاڵە بۆ یەكێتی، لەگەڵ ئۆرگانەكانی یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكەین". 

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە