رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یەکگرتوو دەڵێت، لەم ماوەیەدا شاندێکی حەماس لە هەرێمی کوردستان بوون و باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی حەوتی ئۆکتۆبەریان کردووە. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، دەبێت لە هەرێمی کوردستان خوێندنەوەیەکی باش بۆ شەڕەکە بکرێت، چونکە ئەگەر فراوانتر بێت، کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون. گوتەبێژی یەکێتیش لەبارەی جەنگەکە گوتی، "ئێران هەوڵدەدات لە سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری، ناکۆکی بنێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی بە سەلامەتی دەربچێت."
لە سیمپۆزیۆمی دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە هەولێر، جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە کرایەوە و دۆخی ناوچەکە تاوتوێکرا. بەرپرسێکی یەکگرتوو کە بەشداری لە سیمپۆزیۆمەکەدا کرد، ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا شاندێکی حەماس لە کوردستان بوون و باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، سیمپۆزیۆمێک بە ناونیشانی ''دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەسەر هەرێمی کوردستان'' لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسیی هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا هەر یەک لە جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان قسەیان کرد.
جەعفەر ئێمینکی رایگەیاند، شەڕی کەرتی غەززە، لە نێوان ئیسلام و جوودا نییە، بەڵکو تەنیا شەڕێکە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و گوتی، ''دەبێ خوێندنەوەیەکی ورد بۆ شەڕەکە بکرێت، چونکە ئەگەر فراوان ببێت، ئێمەش (کورد) بەردەکەوین، بۆیە دەبێ پێشوەختە خۆمان ئامادە بکەین.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی شەڕی غەززە، پێشتر شەڕی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبەکان بووە، کە عێراقیش یەکێک بووە لەم وڵاتانە، بۆیە لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە، رەنگە هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق تووشی زیان بێت.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند. لەو کاتەوەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 16 هەزار فەلەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، هاوکات زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلیش لە ئەنجامی ئۆپەرانسیۆنەکەی حەماسدا کوژراون.
''دەرفەت بۆ ئاشتی هەبێت، شەڕ رەتدەکەینەوە''
زۆربەی قوربانیانی شەڕی نێوان گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل، خەڵکی سڤیل بەتایبەتی ژن و منداڵن، جەعفەر ئێمینکی دەڵێت: ''ئێمە نکۆڵی لە هەموو جەنگێک دەکەین، تەنانەت بە کراوەیی دەڵێین، کوردی پارچەکانی کوردستانیش ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان دەرفەتی ئاشتی و دیموکراسییان هەبێت، پێویست بە شەڕ ناکات.''
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''دەبێت ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئیسرائیل زیانێکی زۆر گەورەی لە شەڕەکە بینیوە، حەماسیش براوە نییە، ئەو باجەی خەڵکی غەززەش لە شەڕەکەدا دەیدات، باجێکی یەکجار قورسە و لێکەوتەی زۆری لەسەر کەرتی غەززە دەبێت.''
جەعفەر ئێمینکی باسی لە ئەگەری لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە کرد و گوتی: ''ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە هەیە و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە نەتەنیاهوو، (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) هەوڵ بدات حەماس لەنێو هاوکێشەکان دەربکات، بەڵام زۆر ئەستەمە بتوانێت حەماس لە هاوکێشەکاندا نەهێڵێت.''
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە بەر لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە ''تۆفانی ئەقسا'' پاڵپشتیی خۆی بۆ حەماس و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دەربڕیوە و ئێستاش بەبێ تێوەگلانی راستەوخۆ و سەربازی، پشتیوانی لە حەماس دەکات، جەعفەر ئێمینکی ئاماژەی بەوە کرد، ''بێدەنگبوونی ئێران لە شەڕەکەدا ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەوەی شەڕەکە فراوان نەبێت، چونکە ئەگەر شەڕەکە فراوان بێت، رەنگە بۆ شەش یان حەوت ساڵی داهاتوو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت.''
ئەرکی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری دیموکراسیی عێراقی فیدراڵ سیاسەت دەکەن و ''هەڵوێستە فەرمییەکانی عێراقیش دیارن کە ئێمە داوا دەکەین کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت و ئاگربەست بکرێت، هەروەها دەبێ هەوڵ بدەین بەشێک لە ئاشتی و چارەسەرێکی ئاشتییانەی کێشەکە بین.''
جەعفەر ئێمینکی جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی قەبارەی هەرێمی کوردستان لەم ئاڵۆزییانەدا، دەستکەوتێکی ''یەکجار زۆر'' گەورەیە و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەبێ بە یەکڕیزی، تەبایی و حوکمڕانییەکی باش قەبارەکەی بپارێزن.
''شەڕی ئیسرائیل و حەماس ئاسەواری لەمێژینەی هەیە''
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کرد، سەرەڕای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ''تۆفانی ئەقسا'' لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل ئاسەواری لەمێژینەی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 60 ساڵ لەمەوبەر.
وەک گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەیدا، عێراق لە رێگەی مرۆییەوە هاوکاریی خەڵکی کەرتی غەززە دەکات و وەک بەشێک لە عێراق هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیشە، ''بەڵام وەکو چۆن شەڕی عەرەب و فەلەستین نییە، ئەمە شەڕی ئێمەش نییە، بەڵکو تەنیا شەڕی حەماس و ئیسرائیلە.''
پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل پەیوەستە بە ''دژایەتیکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل'' لەلایەن ئێرانەوە. گوتەبێژی یەکێتی زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت، ئێران دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە ئیسلامییەکانە.
بەگوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، کێشەی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەمێژینەیە و لەسەر سیاسەتی ئێرانە، ''چونکە ئێران هەوڵدەدات لە سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری، ناکۆکی بنێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی بە سەلامەتی دەربچێت و خەڵکی ئەم وڵاتانەش سەرقاڵی گرژی و ناکۆکی لەگەڵ یەکدی بن.''
گوتەبێژی یەکێتی سەبارەت بە پێکهێنانی دوو دەوڵەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لەگەڵ جەعفەر ئێمینکی هاوڕایە و دەڵێت، ''تا ئەوکاتەی دوو ئیدارەیی جێگیر نەکرێت، ناتوانن بابەتی حەماس بکەنە بابەتێکی دووەم، حەماس لە ئەنجامی هێرشی رۆژانەی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین دروستبووە و بەشێکە لە سۆزی (رەحم) ئازار و ئێشی فەلەستینییەکان.''
کورد لەنێوان شەڕی حەماس و ئیسرائیل
رۆژی سێشەممە 07-11-2023، شاندی یەکێتی و پارتی لە ئاستی باڵا کۆبوونەوە، یەکێک لە بابەتەکان کە خرایە بەرباس شەڕی نێوان گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بوو، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەیدا، ''لەکۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا راستە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززەیە، بەڵام پێویستە هەموو هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسیی خۆمان بەکاربهێنین، بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد نەبێتە بەشێک لەو شەڕەی کە شەڕی ئێمە نییە''.
''فەلەستین شوێنێکی ستراتیژی و گرنگە''
سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سیمپۆزیۆمەکەدا باسی لەوە کرد، فەلەستین لەڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی ستراتیژییە و جیۆسیاسییەکی گرنگی هەیە، بۆیە لە دێرینەوە چاوی زۆری لەسەر بووە.
سەلاحەدین بابەکر دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لە 7ـی تشرینی یەکەم لەلایەن حەماسەوە، ''هێرشە'' بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بووە و گوتی: ''لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکو 06-10-2023، سوپای ئیسرائیل شەش جار هێرشی کردووەتە سەر غەززە کە لە ئەنجامدا شەش هەزار و 400 فەلەستینی شەهید بوون و 300 ئیسرائیلیش کوژران، واتا ئەوە ئیسرائیلە گەمارۆی خستووەتە سەر کەرتەکە، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بکات کە خەڵک هەوڵی رزگارکردنی خۆی بدات.''
پەیوەندیی کورد و فەلەستین
سەلاحەدین بابەکر لەبارەی پەیوەندیی نێوان کورد و فەلەستین دەڵێت: ''ئێمە پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە و ئێستاش فەلەستین و غەززە پڕن لە خێزانی کورد و بەگشتی خاڵی هاوبەشمان زۆرن، بۆیە فەلەستینییەکان و حەماسیش چاوەڕوانی زۆریان لە کورد هەیە.''
"شەڕەکە لەسەر گازە"
ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە کەنارەکانی غەززە بە قەبارەی 500 ملیار دۆلار گاز دۆزراوەتەوە و کۆمپانیاکانی بەریتانی، ئەمریکی و رووسی هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی گازەکە دەربهێنن، گوتیشی، ''ئیسرائیل پلانی هەبوو، خەڵکی غەززە بگوازێتەوە بۆ بیابانی سینا لە میسر و کەرتی رۆژئاواش بۆ ئوردن، بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا گازەکە دەربهێنن و ببێتە جێگرەوەی رووسیا بۆ هەناردەی گازی ئەوروپا، بەڵام لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە (ئوردن و میسر) پلانەکە رەتکرایەوە''.
''متمانەی رزگارکردنی فەلەستین گەڕاوەتەوە''
دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بۆ سەر ئیسرائیل و بەبارمتەگرتنی ژمارەیەک هاووڵاتیی ئیسرائیلی و بیانی، سوپای ئیسرائیل و بینیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی رەخنەی تووندی کەسوکاری بارمتە و قوربانیان بوونەوە، سەلاحەدین بابەکر پێیوایە: ''ئێستا متمانە بە نەتەنیاهوو نەماوە کە بتوانێت وڵاتەکەی بپارێزێت، متمانەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بە سوپاش لاواز بووە، لەهەمانکاتیشدا متمانە بۆ فەڵەستینییەکان گەڕاوەتەوە کە دەتوانن وڵاتەکەیان رزگار بکەن.''
"هێرشەکەی حەماس یەک ساڵ ئامادەکاری بۆ کرابوو"
سەلاحەددین بابەکر ئاشکرای کرد، کە لەم ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەتەوە، شاندەکەی حەماس باسیان لەوە کردووە یەک ساڵ ئامادەکاریی بۆ هێرشەکەی سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە کراوە.
سەلاحەددین بابەکر گوتی: "ئەوان گوتیان ئێمە یەک ساڵە ئامادەکاری دەکەین، 1200 موجاهیدمان ئامادە کردووە، راهێنانیان پێکرابوو، بەڵام پێیان نەگوترابوو ئۆپەراسیۆنەکە لە کوێ جێبەجێ دەکرێت. شەوی حەوتی مانگ بانگکراون پێیانگوتراوە، بەیانی نوێژ بکەن و هێرشەکە بکەن."
تائێستا 105 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد کراون، 137یان هێشتا لای حەماسن و لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومانەکان ژیانیان لە مەترسیدایە. حەماس دەڵێت، تەنیا بە مەرجی راگرتنی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکان بۆ سەر غەززە، ئامادەی دانوستاندن و گفتوگۆ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ