رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی، ناڕەزایی مامۆستایان لە رێگەی بایکۆتەوە بە "هەڵە" دەزانێت و دەڵێت، "نابێ مامۆستایان بە بایکۆت و مانگرتن سزای قوتابیان بدەن" دەشڵێت، لە نزیکترین کاتدا شاندی باڵای یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و لەگەڵ ئەوەدایە لە وادەی خۆیدا بکرێت.
لەبارەی ئەو سکاڵایەی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ''رژدین لەسەر سکاڵاکە و دادگەی فیدراڵی هەر بڕیارێک بدات رێزی لێ دەگرین''.
سکاڵاکە پەیوەندیی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە. دادگەی فیدراڵی عێراق هێشتا سکاڵاکەی یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، رۆژی 25-02-2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە وادەکەی دیاریکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی کرد و گوتی: ''لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆخی هەرێمی کوردستان، مەسەلەی خزمەتگوزاری، بەشە بودجە و مەسەلەی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی تاوتوێکردووە و باس لەوە کراوە بۆ ئەوەی کێشەی دواکەوتنی مووچە چارەسەر بکرێت، پێویستە هەوڵ بدرێت و هەرچی زووترە خزمەتگوزارییەکان وەکو پێویست پێشکێش بکرێن.''
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، "بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی شاندی هەرێم کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتمانی لەگەڵ بەغدا و روونیکردەوە گەڕانەوە بۆ دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە، فاکتەری سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەکانە."
دوای کۆنگرەی پێنجەم، یەکێتی دەستیکردووە بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەگوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، یەکێتی سەرقاڵی رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردە و لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامە. گوتیشی: ''ناوماڵێکی کوردیی یەکگرتوو بە وەرەقەیەکی یەکگرتووی هاوبەش، بە شاندێکی هاوبەش سەردانی بەغدا دەکەن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، قووڵکردنەوەی بیری هاوبەش، دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆدەبنەوە.
رۆژی 7ـی مانگی تشرینی دووەم، یەکێتی و پارتی لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوە. گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوە کرد، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان شاندی باڵای دوو حیزبەکەدا هەبووە و لەسەر سێ بابەت رێککەوتوون، لەوانەش پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، ''مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان، یونامی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێگریکردن لە بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە کێشە نێوخۆییەکانی عێراق، پێویستە''.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، شاندی یەکێتی و پارتی لە نزیکترین کاتدا لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر ئەو مەلەفە ئەمنی، ئیداری و داراییانە دەدەن کە رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە.
مامۆستایانی ناڕازی
نزیکەی سێ مانگە بەشێک لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتیان راگەیاندووە و نەچوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی 2023-2024ـی قوتابیان لەم ناوچانە.
گوتەبێژی یەکێتی لەوبارەوە گوتی: ''ئێمە لەو نیگەرانییانە تێدەگەین و پێمانخۆشە هەرچی زووترە بابەتی مووچەی مامۆستایان چارەسەر بکرێت، بەڵام دروست نییە لەم مەسەلەیەدا سزای قوتابیان بدرێت، چونکە فەوتانی ساڵێکی خوێندنی قوتابیان قەرەبوو ناکرێتەوە.''
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ