خوشک و برایەک بەدەست نابینایی چاوێکیانەوە گیرۆدەن

06-11-2024
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خوشک و برایەک لە سکماکەوە بەدەست نابینایی چاوێکیان گیرۆدەن، باوکیان دەڵێت، پزیشک قسەی جیاواز لەبارەی نەخۆشیی منداڵەکانی دەکەن و زۆربەیان دەڵێن، چاوە نەخۆشەکە، چاوە ساخەکەشیان نابینا دەکات. 
 
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی چاو، دڵنیایی دەداتە دایک و باوکی دوو منداڵەکە و دەڵێت، نەشتەرگەریی جوانکارییان پێویستە.
 
خەون و هیوای عەبدوڵڵای تەمەن 10 ساڵان، چارەسەربوونی چاوی بوو، بەڵام لەدوایین پشکنین پێی گوتراوە، ئەگەر فریای چاوەکەی دیکەی نەکەون ئەویش لەدەست دەدات، ئامانجی چارەسەربوونی نابینایی چاوەکانی و گەڕانەوەیەتی بۆ نێو هاوڕێکانی.
 
عەبدوڵڵا محەممەد بە رووداوی گوت: "زۆر حەزدەکەم چاوم چاک بکەنەوە، داوا لە موسڵمانان دەکەم یارمەتیم بدەن، چونکە یاری دەکەم دەکەوم، دەچم بۆ قوتابخانە هەر دەکەوم."
 
یارانی تەمەن چوار ساڵ و نیو، کۆمەڵێک قەڵەم، جانتا و دەفتەری لەلایەن باوکیەوە بۆ کڕدراوە، بەو ئامانجەی دڵی رازی بکەن و شەرمەکەی بشکێنن و بچێتە باخچەی منداڵان، بەڵام یاران رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "تاوەکو چاوم چاکنەبێتەوە ناچمە باخچە."
 

 
باوکی یاران و عەبدوڵڵا بە پیشەی کرێکاری تەنیا فریای کرێی خانوو و دابینکردنی خەرجیی رۆژانە دەکەوێت، محەممەد کەریم کە باوکی 8 منداڵە، لە بەرپرسیار گوتی: "دکتۆرەکەی ئێران گوتی، فریای چاوە ساخەکانیان نەکەوین ئەوانیش نابینا دەبن و دەمارەکانیان وشک دەبن، ئەو گوتی، تێچووەکەی 10 بۆ 15 دەفتەر دۆلارە و توانای چارەسەری ئەم منداڵانەم نییە."
 

 
باوکی یاران و عەبدوڵڵا بە مەبەستی چارەسەریی دوو منداڵەکەی سەردانی چەندین پزیشکی کردووە لە هەرێمی کوردستان و ئێران، محەممەد کەریم، دەڵێت: "پزیشکەکان دەڵێن، ئەگەر چارەسەریان نەکەی چاوە ساخەکەشیان لەدەستدەدەن."
 
بە گوتەی دایکی ئەو دوو منداڵە، نەخۆشییەکە کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر دەروونی هەردووکیان. ئاوارە عەلی لە بەرپرسیارەوە گوتی "رۆژانە هاوڕێکانیان و منداڵی گەڕەک پرسیار دەکەن بۆچی چاویان وایە؟ کچەکەم زۆر خەم دەخوات و دەڵێت، ناچمە باخچە. داوا دەکەم هەر کەسێک توانای هەیە، هاوکاریی دوو منداڵەکەم بکات بۆ چاکبوونەوەی چاوەکانیان."
 

 
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی چاو لە بەرپرسیار، پشتڕاستی دەکاتەوە نەخۆشیی چاوی یاران و عەبدوڵڵا، کاریگەریی ناکاتە سەر چاوە ساخەکەیان. 
 
دکتۆر کاوێنا محێدین دەڵێت "نەخۆشیی یاران و عەبدوڵڵا زۆر دەگمەنە و لە 10 هەزار منداڵ، تەنیا یەک منداڵ ئەو نەخۆشییە دەگرێت. ئەو دوو منداڵە لە سکماکەوە چاوێکیان دروستنەبووە، بەڵام کاریگەری ناکاتە سەر چاوە ساخەکانیان. نەخۆشییەکە کاریگەریی دەروونی زۆری لەسەر دوو منداڵەکە داناوە، پێویستیان بە نەشتەرگەریی جوانکارییە، ئەگەر ئێستا ئەو نەشتەرگەرییە نەکرێ، لەداهاتوو ناتوانرێ بکرێت."
 

 
ئەو خێزانە لە گەڕەکی کانی با لە سلێمانی دەژین. بۆ گەڕانەوەی یاران و عەبدوڵڵا بۆ نێو هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان، چاویان لەوەیە دەستی یارمەتییان بۆ رابکێشرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە