رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەكان دەڵێت، ''لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە عەرەب بەشێک لەم خاکە [ناوچە کوردستانییەکان] نەبووە و لە داهاتووشدا نابێت''؛ دەشڵێت، ئاراستەیەک لە بەغدا هەیە کە بڕوای بە مافی کورد نییە.
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سەردانی خانەقینی کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی یاسایی و بەشێک لە فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بە زەوییە ''داگیرکراو''ـەکان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''بەر لە گرفتی مادەی 140 لە خانەقین، کێشەی زەویوزار هەبووە و هەر وەکو ناوچەکانی دیکە تاوەکو ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.''
فەهمی بورهان گوتی: ''زەویی جووتیارانمان داگیرکراون و سەرەڕای ئەوەی هەزار و 800 گرێبەست هەڵوەشێندراونەتەوە و برایانی عەرەب قەرەبووکراونەتەوە، بەداخەوە جارێکی دیکە دێنەوە سەر زەوییەکانی ئێمە''.
سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە دادپەروەر بێت، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ''بڕوامان وایە ئەگەر کێشەی زەویوزار چارەسەر نەکرێن رەنگە بچنە قۆناخێکی دیکەوە و ئاڵۆزتر بن.''
لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە هێرش و هەڕەشەی میلیشیاکان بۆ سەر گوندە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەشێوەیەک هەڕەشەکان لە شنگال و سحێلاوە تاوەکو کەرکووک و خانەقین درێژبوونەتەوە. زۆر جاریش ئەو گرووپانە و سوپای عێراقیش پشتیوانی لە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە دەکەن بۆ هەڕەشەکردن و چوونە سەر زەویی کوردەکان و هەڵکوتانە سەر ماڵ و بەرژەوەندییەکانیان.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە. بەپێی لیژنەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق کە لیژنەیەک بوو بۆ چارەسەرکردنی خاوەندارێتیی ناوچە کێشەلەسەرەکان دامەزرا، سنووری ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە زیاتر لە 15 قەزا و 20 ناحیەن.
فەهمی بورهان گوتی: ''هیچ هاووڵاتییەکی کوردستانی رێگە بەوە نادات یەک بست زەویی خاکی کوردستان لە خانەقین، سەعدیە، مەندەلی و شوێنەکانی دیکە رادەستی خەڵکانی دیکە بکرێت و پێمانوایە لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە برایانی عەرەب نە بەشێک بوونە لەم خاکە و نە بۆ داهاتووش بەشێک دەبن لەم خاکە.''
بەگوتەی سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاراستەیەک لە بەغدا هەیە، کە وەکو سەردەمی بەعس بیردەکاتەوە و بڕوای بە پێکەوەژیان و مافی کورد نییە، دەشڵێت، لە رێگەی گفتوگۆوە پێشکەوتنی باشیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە.
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە سنوورى 14 پارێزگاى عێراق و پارێزگای کەرکووک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، فەهمی بورهان داوا لە هاونیشتمانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن بن، دەشڵێت: ''بە سەرکەوتنی لیستە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردندا، بەشێکی زۆری کێشەکانی زەویوزار و مادەی 140 چارەسەر دەبن.''
چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەبووایە بەپێی مادەی 140ی دەستووری عێراق یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە جێبەجێ نەکراوە، هەرچەندە لە دوای 2014 و هاتنی داعش زۆربەی ئەو ناوچانە کەوتنە دەست پێشمەرگە، بەڵام لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 جارێکی دیکە کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق. ئێستا ئەو ناوچانە کە کورد و تورکمانیان تێدایە، رووبەڕووی تەعریبێکی دیکە بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ