وەزیرى خوێندنى باڵا: خانمان رێژەی 57٪ی خوێندکارانى زانکۆ پێکدەهێنن

06-11-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، خانمان رێژەی 46٪ی دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی کۆیە پێکدەهێنن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان رێژەی 57٪ی خوێندکاران پێکدەهێنن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 06-11-2022 خولی دەرچووانی حەڤدەیەمى زانکۆی کۆیە لە هۆڵى فاکەڵتى پەروەردەى وەرزشى زانکۆى کۆیە بەڕێوەچوو. 
 
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لە گوتارێکیدا باسی بەرزیی رێژەی خانمان لە زانکۆکاندا کرد و گوتی: "مایەى شانازییە بەپێی داتای زانکۆکە، خانمان رێژەی 46٪ی دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی کۆیە پێکدەهێنن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان رێژەی 57٪ی خوێندکاران و قوتابییان پێکدەهێنن. هەروەها لەسەر ئاستى ئەنجوومەنى وەزارەتیشمان چوار ئەندامی ئەنجوومەن، سێ سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان خانمن. ئەمە نیشانی دەدا هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی بۆ رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان ناوە".
 
وەزیرى خوێندنى باڵا گوتی:" خۆشحاڵین کە دەبینین زانکۆی کۆیە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پێشدەکەوێت، ئەم زانکۆیە لە رووی ژێرخان، توانای مرۆیی، ئاستی زانستی و بەرهەمی توێژینەوەی زانستی بەردەوام لە گەشەکردندایە و لە ریزبەندیی نیشتمانی و ریزبەندییە جیهانییەکانیشدا هەمیشە زانکۆی کۆیە پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان بووە".
 
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی ئارام محەممەد قادر جەختی لەسەر کردەوە، بوونی پەیوەندییەکی نێودەوڵەتیی فراوان و کارایی تۆڕی هاوئاهەنگی و پەیوەندیی زانستی زانکۆکی کۆیە بوو لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، لەو بارەیەوە دەستخۆشیی لە زانکۆکە کرد بەوەی ئەمساڵ توانیویانە گرانتێکی نێودەوڵەتی لە رێگەی Academy British بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەڵستەری بەریتانی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنن. 
 
ئەم گرانتە تایبەتە بە توێژینەوەکانی بواری سیاسەتی ئابووریی پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکان لە بواری توێژینەوەی تایبەت بە پەروەردە لە کوردستاندا.
 
 
سەبارەت بە هەنگاوی پەرەپێدانی زیاتری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "گرنگترین هەنگاوی ریفۆرمى خوێندنى باڵا بریتییە لە کرانەوەی زیاتری خوێندنی باڵا بە رووی کۆمەڵگەدا. ئێمە لە پلانماندایە پێداچوونەوە بەنێوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانمان بکەین. ئەمە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان دەگرێتەوە. ئێمە دەمانەوێت پرسی ریفۆرمی خوێندنی باڵا ببێتە پرسێکی نیشتمانی و بە هاوکاریی حکومەت، پەرلەمان، کۆمەڵگەی ئەکادیمی، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چین و توێژەکان پێکەوە کاری بۆ بکەین". 
 
هەروەها د محەممەد حەسیب، سەرۆکى زانکۆى کۆیە گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەى بە هەوڵە زانستییەکان بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆکە و گەشانەوەى زیاتر لەسەر نەخشەى ئەکادیمى و رۆڵ و پێگەى لە ناوەندە ئەکادیمییەکانى ناوچەکە کرد. 
 
زانكۆی كۆیە رۆژی 11-10-2003 لەلایەن جەلال تاڵەبانی، سەرۆکكۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی دامەزرا. ئەو كات یەكەم زانكۆ بوو لە دەرەوەی ناوەندی پارێزگاكان بکرێتەوە. ئێستا زانکۆی کۆیە خاوەنی شەش فاكەڵتییە كە 458 مامۆستای ھەیە و پێنج ھەزار خوێندکار تێیدا دەخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە