لە چوارقوڕنە کەسێک بەهۆی سووتانی بگۆڕی کارەبا گیانی لەدەستدا

06-10-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناحیەی چوارقوڕنە، بەهۆی سووتانی بگۆڕی کارەبا (محاویلە)، کەسێک گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕینیش دەڵێت، تائێستا هۆکاری سووتانی بگۆڕەکە روون نییە.
 
رۆژی هەینی 06-10-2023 هاونیشتمانییەک بەناوی سلێمان حەسەن، تەمەن 51 ساڵان، لە سەربانی ماڵەکەی لە گەڕەکی "کۆڵێن سیتی"ـی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە، بەهۆی شۆرتی کارەبا و سووتانی بگۆڕی کارەبا گیانی لەدەستدا.
 
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین لەوبارەوە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئاگرکەوتنەوەیەک لەو شوێنە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام بەداخەوە کە هاتین، کەسێکیش بەهۆی شۆرتی کارەباوە بەشێکی جەستەی سووتابوو و گیانی لەدەستدابوو."
 
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەشەوە گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، تائێستا روون نییە، "هەندێک کەلوپەلی وەکو بتڵی گاز، کەرەستەی ئیزۆگامکردن و تانکیی نەوت لە شوێنی رووداوەکە دەبیندرێن (سەربان)، بۆیە ئێستا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس سەرقاڵی لیکۆڵینەوەی زیاترین."
 
 
جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییە، وەکو عەلی قادر باسی لێوەکرد، دیوی دەرەوەی ماڵەکەشی ئاگری گرتووە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، چوار کەس لە ئیدارەی راپەرین بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە