رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، ئەگەر بڕیاری هاوردەکردنی بەنزین جێبەجێ بکرێت، رەنگە نرخی بەنزین بۆ 800 دینار دابەزێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە مەبەستی دابینکردنی بەنزینی پێویست و زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بە بازرگانان دەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 06-09-2024، سیروان عەبدوڵڵا خدر، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان "بڕیارێکی زۆر باشە" و ئەوان بەردەوام داوای جێبەجێکردنی ئەو رێکارەیان کردووە.
لەبارەی کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزینیش سیروان عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو کاریگەرییەکەی دەربکەوێت.
بەپێی ئەو سەرۆکی ئەنجوومەنە، ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر 950 دینارە بەپێی بازاڕی سووتەمەنیی پارێزگاکە. لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، رەنگە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بۆ 800 دینار دابەزێت.
دەشڵێت، پێشبینی دەکەن رۆژانە نزیکەی 500 هەزار لیتر بەنزین هاوردەی هەولێر بکرێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر نابێت، چونکە ئەوان پێشتریش هەر لە دەرەوە دەهێندران.
لە بەرامبەردا بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، بە 700 بۆ 925 دینارە.
بە گوتەی بەهمەن شێخ قادر، ئێستا لە پارێزگای سلێمانی، خواست لەسەر بەنزین رۆژانە دەگاتە 2 ملیۆن و 750 هەزار لیتر. ئەو بڕەش رۆژانە بەردەستە و کورتهێنان نییە.
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، ئەوانەن بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان پێ باشە و لەگەڵیدان. هیواداریشن کاریگەرییەکەی بە زوویی ببینن، بۆ ئەوەش چاوەڕوانن بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ