لە لوڕستان دەست بەسەر 170 کیلۆگرام تریاکدا گیرا

06-09-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە بازگەیەکی نێوان پارێزگای لوڕستان و پارێزگای ئیسفەهانی ئێران، دەست بەسەر 170 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گیرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیر کراوە.
 
یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگاکە و پارێزگای ئیسفەهانی ئێرانەوە، ئۆتۆمبێلێک راگیراوە و دوای پشکنینی ورد، دەرکەوت 170 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری لە جۆری تریاک تێدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە.
 
یەحیا ئیلاهی گوتی، پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیرکراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی و چەکێکیش لە جۆری دەمانچەدا گیراوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، هەوڵدراوە ئەو بڕە تریاکە لە پارێزگای ئیسفەهانی ئێرانەوە بهێنرێتە شاری خوڕەمئاوای لوڕستان و لەوێوە بگوێزرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەش.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان کە رۆژی چوارشەممە 08-05-2024 بڵاوکرایەوە، لە ماوەی 50 رۆژدا دەستیان بەسەر دوو تۆن و 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر گرتووە و 560 قاچاخچی و وردەفرۆشیش دەستگیر کراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 48 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەتیشدا گیراوە، کە مادەی هۆشبەریان تێدا بووە، زۆربەیان لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هاتوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە