جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک: زەوییەکانمان بۆ نەگەڕێننەوە، مانگرتنی سەرتاسەری دەستپێدەکەین

06-09-2024
مالیک محەممەد
گردبوونەوەی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک
گردبوونەوەی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری پارێزگای کەرکووک دەڵێن، "هەندێک لایەن هێشتا لە خەونی داگیرکاری بەخەبەر نەهاتوون و دەیانەوێت دەست بەسەر ماڵ و موڵکماندا بگرن."
 
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئەیلوولی 2024 ساتح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کەرکووک پەیامی هاوبەشی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووکی خوێندەوە و رایگەیاند، "نزیکەی 50 ساڵە ئێمە زەرەرمەندی یەکەمی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەین؛ داوا لە پەرلەمانتارانی کورد و تورکمانی پەرلەمانی عێراق دەکەین هەموو هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە لە رێگەی پەرلەمانەوە بخەنەگەڕ."
 
پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانوو و زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان، بڕیار بوو رۆژی سێشەممە 3ی ئەیلوول، خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمانی عێراق بۆ بکرێت، بەڵام جووتیاران کورد و تورکمانی کەرکووک دەڵێن، "لەژێر گوشاری بەشێک لە لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان، پڕۆژە یاساکە نەخرایە خشتەی کارەکانی دانیشتنەکە."
 
ساتح ناسیح گوتی، "ئەو دەنگە ناشازانەی لە پەرلەمانی عێراق رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەکەن، هێشتا لە خەونی داگیرکاری بەخەبەر نەهاتوون و دەیانەوێت دەستبەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکیدا بگرن. ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، خۆپێشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری لە کەرکووک دەستپێدەکەین."
 
نزیکەی 50 ساڵ لەمەوبەر بە بڕیاری دەسەڵاتی بەعس سەدان دۆنم زەویی لە دەستی جووتیارانی کورد دەرهێنرا و بەشێکی درایە عەرەبی هاوردە و بەشێکی دیکەشی خرایە سەر وەزارەتەکانی عێراق. بیست ساڵە هەوڵدەدرێت ئەو بڕیارانە هەوڵبوەشێندرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە