رووداو دیجیتاڵ
دوای چاکسازیکردن لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، سبەی ئاو دەگاتەوە ئەو ماڵانەی ئاویان لەسەر پڕۆژەکەیە.
بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاکسازیکردن لە پڕۆژەکە کۆتاییهاتووە. ئەمشەو ئاو دەگاتەوە خەزانەکان و سبەی دەگاتەوە ماڵان".
رۆژی دووشەممە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی شکانی بۆری و چاکسازیکردن لە هێڵەکە، بۆ 34 کاژێر دابەشکردنی ئاو رادەگیرێت: "پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنی وێستگەیەکی دیکەی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ بە توانای 500 مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێكدا دەکەوێتەکار، کە کۆی گشتی لە رۆژێکدا 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات".
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بەئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ