رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژدا زیاتر لە 30 پاڵاوگەی نایاسایی لە پارێزگای هەولێر داخراون. ئەندامێکی لیژنەی داخستنەکە دەڵێت، ئەمڕۆ بەشێکی خاوەن پاڵاوگەکان، پاڵاوگەکانیان نەکردەوە.
لیژنەیەکی باڵا لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پێکهێندراوە. ئەندامێکی لیژنەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە زیاتر لە 30 پاڵاوگە داخراون و هەڵمەتەکەش بەردەوامە".
تاوەکو 3 رۆژ لەمەوبەر 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەبوون. 04ـی تەمموز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەبێت تەواوی ئەو پاڵاوگانە دابخرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەشێک لە خاوەن پاڵاوگەکان رایانگەیاند، پاڵاوگەکانیان داخستوون.
زۆرینەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنووری قەزای قوشتەپە و ناحیەی گوێڕن.
ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ''لەپێناو ژینگەیەکی باشتر بۆ هەولێر و پاراستنی، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی کرد و تێیدا 7 بڕیاری گرنگ دران و لە ئەمڕۆوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".
یەکێک لە بڕیارەکان تایبەتە بە پاڵاوگە نایاساییەکان و پارێزگاری هەولێر گوتی، ''دەبێ هەر 138 پاڵاوگەکە دابخرێن؛ داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ