رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە. قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، بەراورد بە سەرەتای وەرزی هاوین ئێستا ئاوی زیاتر دەدەنە هاونیشتمانیان.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و بەشێک لە ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کێشەکە چارەسەر بێت.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "26ی حوزەیران نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە درا بە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵام لە 30ی حوزەیرانەوە کارەکە دەستیپێکردووە و بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت."
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان کۆمپانیای جێبەجێکار و حکومەتی هەرێـمی کوردستان کراوە، دەبێت پڕۆژەکە 26-06-2026 تەواو بێت.
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، چەند جووتیارێکی سنوورەکە زەوییان بەر پڕۆژەکە دەکەوێت، بەڵام بەهۆی گرنگیی پڕۆژەکەوە بێبەرامبەر زەوییەکانیان پێشکێشی پڕۆژەکە کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم ساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ سەریهەڵدا.
12ـی حوزەیران قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش کە دانیشتووانەکەیان دەگاتە 200 هەزار کەس، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە نەدراوە و ئاو نییە، ئەوەش مەترسیی قەیرانی مرۆیی دروستکردووە."
لەبارەی دۆخی ئێستاوە، رەمک رەمەزان گوتی، ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژانە بە دابینکردنی دوو ملیۆن لیتر ئاو و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانیش هاوکارییان دەکەن بۆ باشتربوونی دۆخی ئاو؛ گوتیشی: "ئێستا 7 بۆ 9 رۆژ جارێک ئاو دەدرێتە هاونیشتمانیان؛ چەند گەڕەکێکی کەمیش کراونەتە پێنج رۆژ جارێک".
پێشتر و دوایین جار سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 12ی نیسانی 2022 فەرمانی دەرکرد بە خەرجکردنی 70 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، بەڵام نەچووە جێبەجێکردنەوە.
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە بۆ ئاوی پێویست لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە، ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ قەزای بازیان 30 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێ دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ