رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک رێکخراو و چالاکڤانی بواری جینۆساید و ئەنفال دەڵێن، دژی هەوڵدان بۆ بەسەربازگە کردنەوەی تۆپزاوا لە سنووری کەرکووک، سبەی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن. یەکێک لە رێکخەرانی چالاکییەکە دەڵێت، جارێکی دیکە هەواڵگریی عێراق دەیەوێت سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا نوێ بکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی تابلۆی داواکاریی گشتی، سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا جێگای زیندانیکردنی 26 هەزار هاونیشتمانی بووە بەر لەوەی ئەنفال بکرێن. لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە سوپای عێراق چەند جارێک هەوڵی داوە بیکاتەوە سەربازگە و خەڵکی ناوچەکە و چالاکڤانانی بواری جینۆساید بە دەربڕینی ناڕەزایی رێگەیان لێگرتووە.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا و چالاکڤانی بواری جینۆساید، ئەمڕۆ شەممە 06-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگادارین هەواڵگریی عێراق چوونەتە سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا و جارێکی دیکە دەیانەوێت بیکەنەوە سەربازگە، لەکاتێکدا ئێمە داوای بەمۆنۆمێنتکردنیمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە".
بەهاری ئەم ساڵ کۆمەڵێک رێکخراو و چالاکڤانی بواری جینۆساید داوایەکیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و داوایانکرد سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا بکرێتە مۆنیۆمێنت. ساتع ناسیح دەڵێت: "دەمانەوێت تۆپزاوا وەک خۆی بمێنێتەوە کە گوزارشت لەو ستەم و کۆمەڵکوژییانە دەکات دژی کورد کراون".
بڕیارە سبەی گردبوونەوەکە لە سەربازگە کۆنەکەی تۆپزاوا لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بەڕێوەبچێت. ساتیع ناسیح داوا لە چالاکڤانان و هاونیشتمانیان دەکات بەشداری بکەن و دەڵێت: "لە گردبوونەوەکەدا دوو داوای سەرەکی دەخەینەڕوو. یەکەم، قبووڵنەکردنی بەسەربازگەکردنەوەی تۆپزاوا. دووەم، جێبەجێکردنی داواکەمان بە زووترین کات بە دروستکردنی مۆنیۆمێنتی تۆپزاوا".
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، "چەندین" تەرم لەو شوێنە دەرهێندراون و بەخاکسپێردراونەتەوە.
ئەنفال بە هەشت قۆناخ جێبەجێکرا. جگە لە ئەنفالی قۆناخی هەشتەم کە لە ناوچەی بادینان بوو، لە تەواوی پرۆسەکانی دیکەدا خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە دەبرانە تۆپزاوا و لەوێ جیادەکرانەوە؛ ژن و منداڵ دەبرانە دووبز و دواتر بۆ تکریت، بەساڵاچووانیش دەنێردران بۆ نوگرە سەلمان، گەنجەکانیش رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەر دەکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ