وەزیری بازرگانی: کار بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی جووتیاران دەکەین کە دەمێنێتەوە

06-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''شەش ملیار دینار وەکو پارەی گەنمی جووتیاران هاتووە و لە رۆژانی داهاتووشدا 20 ملیار دیناری دیکەش دەگات.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-06-2024، بە ئامادەبوونی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە سایلۆی هەولێر، بڕیاری وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان بۆ ساڵی 2024 راگەیێندرا.
 
کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئێمە وەکو وەزارەت، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئامادەین بۆ پێشکێشکردنی سەرجەم ئاسانکارییەکان بۆ ئەوەی جووتیاران بتوانن بە ئاسانی گەنمەکانیان رادەست بکەن.''
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتی، هەر جووتیارێک بۆ رادەستکردنی گەنمەکەی، پێویستە ئەو پسوولەیەی پێ بێت کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پێیدراوە و ''بەبێ ئەم پسوولەیە، ناتوانین گەنم لە هیچ کەسێک وەربگرین.''
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەم ساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆنیان بۆ دیاریکراوە کە دەکاتە 40%ـی 700 هەزار تۆنەکە.
 
لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە 27.02%ی 700 هەزار تۆنەکە؛ لە پارێزگای هەولێریش 228 هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە 32.58%ی 700 هەزار تۆنەکە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا بڕێکی زۆر لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. کەمال موسلیم گوتی: ''لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش باس لەوە کراوە کار بۆ ئەوە بکەین لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەو بڕە گەنمەی دەمێنێتەوە وەربگیرێت و رێکارێک بدۆزینەوە بۆ بەبازاڕکردنی گەنم بە هەر شێوەیەک بێت.''
 
ئەم ساڵ کردنەوەی دەرگەی سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت رۆژ درەنگتر لە پار کرایەوە؛ وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ''وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر هێڵ بوون کە زۆرترین بڕی گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت و لە ئەنجامدا رەزامەندی لەسەر 700 هەزار تۆن درا.''
 
کەمال موسلیم گوتی: ''لە بەغداوە شەش ملیار دینار وەکو پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هاتووە و لە رۆژانی داهاتووشدا 20 ملیار دیناری دیکە دەگات، بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین کات پارەی جووتیاران بدەین''.
 
رۆژی چوارشەممە حەیدەر گەرعاوى بە رووداوی گوت، لەگەڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هەمان رۆژ چەکى پارەکەیان پێدەدرێت بە گوێرەى جۆرى گەنمەکە، گوتیشی: ''بۆ هەموو عێراق یەک پێوەرە و دوو جۆرە، یەکێکیان بەبێ لێبڕین کە 850 هەزار دینارە بۆ یەک تۆن، ئەوى دیکەیان کە کوالێتى نزمترە، بڕێک پارەى کەمى لێ دەبڕدرێت."
 
پێشبینیی وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بۆ ئاستى بەرهەمهێنانى گەنم بۆ ئەم ساڵ، زیاتر لە شەش ملیۆن تۆنە، بەپێى وەزارەتى بازرگانى ئەو بڕە پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە. 
 
ساڵانی رابردوو هەندێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان گلەییان لە درەنگ وەرگرتنی گەنمەکانیان هەبوو، کەمال موسلیم گوتی: ''ئەم ساڵ سایلۆیەک لە قوشتەپە دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو گوشارەی چەند ساڵە لەسەر هەولێر هەیە، کەم بکرێتەوە. کار لەسەر ئەوەش دەکەین، بنکەی کۆیەش بکەینەوە و جووتیارانی ئەو سنوورە گەنمەکانیان لەوێ رادەست بکەن.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری وان لە باکووری کوردستان.

لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان هۆشداریی لافاو و رەشەبا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، هۆشداری لێزمەباران، لافاو و رەشەبا لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان دەدات. پێشبینی دەکات کەشەکە دوو رۆژ لە هەشت پارێزگای دیکەش بەردەوام بێت.