پەرلەمانتارێکی عێراق: ناکرێت عێراق تەنیا تەماشاکەری شەڕی پەکەکە و تورکیا بێت

06-06-2021
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەوەی تورکیا لەناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا دەیکات پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و سەروەریی عێراق پێشێل دەکات و، ناکرێت ئەویش تەنیا تەماشاکەری شەڕی پەکەکە و تورکیا بێت.
 
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ناکرێت عێراق تەنیا تەماشاکەری شەڕی پەکەکە و تورکیا بێت. تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە هەموو سنوورەکانی خۆی بپارێزێت و لە هەموو لایەکەوە دەبەزێنرێن."
 
رۆژی شەممە 2021/06/05 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە لە چیای مەتینای دەڤەری ئامێدی هێرشیان کردووەتە سەر هێزێکی پێشمەرگە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی هێرشەکەوە پێنج پێشمەرگە شەهید و حەوتی دیکەش بریندار بوون. وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، هەشت پێشمەرگە بریندار بوون. 
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئێمە دەزانین بوونی ئەم هێزە چەکدارە [پەکەکە] هۆکارە بۆ هێرشەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت لە رێگەی حکومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سنوورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنرێت، چونکە خەڵکی کوردستان بوونەتە قوربانیی ئەم کردەوانە."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەیش دا، جێگەی داخە کە خەڵکی کوردستان چەندین ساڵە بوونەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی لایەنە هەرێمایەتییەکان و هێزە سیاسییەکانی دیکە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردستانەوە نییە.
 
هەر رۆژی شەممە 2021/06/05 لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە هێرش کرایە سەر کەمپی مەخموور لە هەرێمی کوردستان کە بەشێک لە نیشتەجێبووانی کەمپەکە خێزان و کەسوکاری پەکەکەن، لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران.
 
ناسر هەرکی گوتی: "ئەوەی تورکیا لەناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا دەیکات پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ناکرێت بە بیانووی هەبوونی هێزێکی چەکداری وڵاتەکەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بەو شێوەیە لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت."
 
لەدوای هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەت، پەرلەمانی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و داوایشیان لە پەکەکە کرد، رێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بگرێت. 
 
ناسر هەرکی گوتی: "بە داخەوە، پەکەکە ئەگەر خۆی بە کورد دەزانێت و پارێزگاری لە کورد دەکات و خەبات بۆ ئەوە دەکات کورد بگاتە ئامانجەکانی، پێویست بوو هاوکار و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکە بۆ کوردانی هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان. بە داخەوە ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە پەکەکە تەنیا کار بۆ ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لاواز بکات."
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان سەرکۆنەی پەکەکە بکەن و لەسەر ئەوە کۆک بن کە رێگە نەدەن لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە هێرش بکاتە سەر تورکیا تا بیانوو نەداتە دەست ئەو وڵاتە و ئەمە کێشەیەکی سیاسییە و دەبێت تورکیا هەوڵ بدات بە سیاسی لەناو خاکی خۆیدا چارەسەری بکات.
 
هاوکات لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکەن و هێرشکردنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە هێرشکردنە بۆ سەر ئەوان و رێگە نادەن هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە