رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی دەڵێت، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی هەرێمی کوردستان "نمەباران دەبارێت و هەندێک جار بۆ تاوەباران و برووسکەی ناوبەناو دەگۆڕدرێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، سبەی لە بەیانی زوودا تاوەبارانی مامناوەند و هەورە برووسکە لە باشووری پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەولێرەوە دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە هەموو شارەکان و ئێوارە لاواز دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەم شەپۆلە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و پێنجشەممە کەشەکە سەقامگیر دەبێت.
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلە دابەزیوە. بەگوێرەی کەشناسی، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ سێ پلەی دیکە دادەبەزێت.
ئەمڕۆ هەفتەیەکە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
بەگوێرەی کەشناسی، ئەم ساڵ تاوەکو دوێنێ لە هەولێر 584.2 ملیمەتر باران باریوە، لە سلێمانی 672.5 ملیمەتر، لە دهۆک 823.3 ملیمەتر، هەڵەبجە 811.6 ملیمەتر و لە کەرکووکیش 346.4 ملیمەتر باران باریوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ