کوردستان
کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێک دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتوون، ناتوانن پارە بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن.
دوێنێ یەکشەممە، 05-05-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
سۆران عومەر کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەى خەرجکردنى پارەى وانەبێژان پێى راگەیاندوون کە لە دەرەوەى پارەى تەرخانکراو بۆ یاسای بودجەى گشتى، ناتوانێت هیچ بڕە پاریەک خەرج بکات، ئینجا بۆ هەرێمى کوردستان بێت یان شوێنەکانى دیکەى عێراق .
ئەوە لە کاتێکدایە 30ـی مانگی رابردوو، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری پەروەردە رایگەیاند، لیستی ناوی وانەبێژانی رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست.
هەر ئەمڕۆ کارۆخ عەبدوڵڵا، یەكێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگادار کراونەتەوە کە سوودانی گوتوویەتی ناتوانن پارە بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکات.
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، وانەبێژان یەک ئومێدیان ماوە، ئەویش ئەوەیە لەکاتی پێداچوونەوە بە یاسای بودجەی عێراقدا پەرلەمانتارانی کوردستان داوا بکەن بڕە پارەیەک بۆ وانەبێژان تەرخان بکرێت.
وانەبێژانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان 37 هەزار و 734 کەسە، کەمترین مووچەیان 250 هەزار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینارە، ئەوەش بەگوێرەی بڕوانامەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ