نووسینگەی قوباد تاڵەبانی: زیانلێکەوتووانی ئاگری بازاڕەکەی سلێمانی قەرەبوو دەکرێنەوە

06-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، خەمڵاندن بۆ زیانی ئاگرەکەی بازاڕی دارە سووتاوەکەی سلێمانی کراوە و زیان بە 116 فرۆشگە کەوتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''سەرجەم زیانلێکەوتووان لە کەمتر لە یەک هەفتەدا قەرەبوو دەکرێنەوە.''
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 06-04-2025) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری دووکاندارانی بازاڕی دارە سووتاوەکەی سلێمانی کۆبووەوە، کە بەشێکیان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی دوێنێ تووشی زیان بوون. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، عەتا محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''هەر دوێنێ لەسەر فەرمانی جەنابی کاک قوباد، لیژنەی تایبەتمەندمان پێکهێنا و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کرا، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکە دەستنیشان بکرێ.''  
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی بەرگری شارستانی لەبارەی رووداوەکە ئامادەی کردووە، لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زیان بە 116 فرۆشگە و چوار شوێنی دروستکردنی خواردنی خێرا کەوتووە. 
 
عەتا ئەحمەد گوتی "قەبارەی زیانی هەر فرۆشگەیەک بە جیا دیاریکراوە و جەنابی کاک قوباد بڕیاری داوە سەرجەمیان بەپێی ئەو راپۆرتە قەرەبوو بکرێنەوە.''
 
بەگوتەی بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، ئاگرکەوتنەوەکە زیاتر لە یەک ملیار دینار زیانی هەبووە .کە قەرەبووی هەر خاوەن فرۆشگەیەک، بەپێی قەبارەی زیانەکە. جیاواز دەبێت.
 
عەتا محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەیانییەوە تیمەکانی شارەوانی بە هاوکاریی خاوەن فرۆشگەکان، دەست بە پاککردنەوەی بازاڕەکە دەکەن و ''دوای قەرەبووکردنەوەشیان، دەست بە دروستکردنەوەی شوێنی کارەکانیان دەکەن.''
 
بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، تێچووی قەرەبووی خاوەن فرۆشگەکان لەسەر ئەرکی سکرتاریەتی مام جەلال دەبێت و قەرەبووەکە ''لە نزیکترین کات و لە کەمتر لە هەفتەیەکدا بە شێوەی کاش دەگاتە دەستی یەک بە یەکی زیانلێکەوتووان.''
 
وەک عەتا محەممەد دەڵێت، شارەوانیی سلێمانی تیمێکی ئەندازیاری بۆ دیزایینکردنەوەی فرۆشگەکان رادەسپێرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا، سیستمی کارەبایی بازاڕەکە سەرلەنوێ بە شێوەیەکی سەلامەت رێکدەخاتەوە.
 
بەرەبەیانیی دوێنی ئاگر لە بەشێکی فرۆشگەکانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و، تاوەکو ئێستا کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستبەسەرە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت ''شەوی پێش ئاگرەکە، کەسێک لەنێو بازاڕی دارەسووتاوەکە کە خۆی لەوێ کاسبکارە، سەرقاڵی لەحیمکردن بووە، بە تۆمەتی ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە بێت، دەستبەسەر کراوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆڵبارین لە شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی عێراق: سبەی خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت

شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، سبەی شەپۆلەکە کۆتایی دێت. کەشناسی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی بارانبارین دەکات.