رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لەمەودوا ڤیزە نادەنە هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیانی سووریا. بەرپرسێکی نشینگە دەڵێت، بڕیارەکە ئەوانە ناگرێتەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێککەوتی 4ـی نیسان و واژۆی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتەکەی لەسەرە و تێیدا هاتووە، بڕیارەکە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرکراوە.
لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، بڕیاردرا بە "راگرتنی پێدانی ڤیزە بە هەڵگرانی پاسپۆرت و تراڤڵ دۆکیۆمێنتی سووری لە 29-03-2024ـەوە، جگە لەوانەی هەڵگری نشینگەی وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەورووپان و لەو وڵاتانەوە تەنیا بە مەبەستی گەشتوگوزار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە ناتوانن ڤیزەکانیان بگۆڕن بۆ نشینگە و بەر لە تەواوبوونی ماوەکەی دەبێت خاکی هەرێمی کوردستان بەجێبێڵن".
لەبارەی بڕیارەکەوە بەرپرسێکی باڵای نشینگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 6ـی نیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە بۆ داهاتووە و هیچ پەیوەندی بە بڕیار و ڤیزەکانی رابردووەوە نییە؛ گوتیشی، "ئەو کەسانەی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون و لێرە مافی نیشتەجێبوونیان هەیە، دەتوانن بمێننەوە و بڕیارەکە پەیوەندی بەوانەوە نییە".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆکاری بڕیارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەنگۆیەک هەیە کە گوایە بۆ باشکردنی هەلی کاری نێوخۆ و نەهاتنی کرێکارە.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگادار نین وەها بڕیارێک بۆ زیادبوونی هەلی کار بێت؛ گوتیشی، "بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە کە دەبێت لە هەموو سێکتەرەکاندا 75٪ـی دەستی کار نێوخۆ بن و ئەوی دیکەی دەرەوە، واتە هاتنی کرێکاری قەدەخە نەکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ