رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سدیق، تەمەنی تەنیا 5 ساڵە، بە تەمەن و جەستەیەکی بچووکەوە رووبەڕووی شێرپەنجەی خوێن بووەتەوە. بە گوتەی پزیشکی محەممەد، چارەسەریی بنبڕی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی مۆخی ئێسکە و "لەدەرەوەی وڵات" دەکرێت. ئەوەش لە توانای خێزانە 10 کەسییەکە دا نییە.
محەممەد مانگانە 15 رۆژ لە سەنتەری ژین لە دهۆک بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەخەوێنرێت. ئەو قۆناخە سەرەتای وەرگرتنی چارەسەریی و دەرمانی کیمیاوییە، هێشتا قۆناخی درێژی دیکەی چارەسەریی پێویستە.
باوکی محەممەد پێشمەرگەیە و نەخۆشی شەکرەی هەیە، سدیق ئەحمەد، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "سێ مانگە کوڕەکەم نەخۆشییەکەی لێ دەرکەوتووە. هەفتە نا هەفتە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێ و دایکیشی نەخۆشە و بەردەوام لەگەڵی دەمێنێتەوە. تەنیا داواکاریم هاوکاریکردنی کوڕەکەمە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە."
پەیامنێری رووداوی لە دهۆک سەردانی محەممەدی کرد لە سەنتەری ژین. ژیان فەرید، دایکی محەممەد، بە ئەیووب نەسری، گوت:"باوکی پێشمەرگەیە و خەرجیی نەشتەرگەرییەکەی گرانە و لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئێمەدا نییە."
سدیق ئەحمەد باوکی 8 منداڵە. ئەو خێزانە 10 کەسییە لەنێو دوو ژووری قوتابخانەیەکی گەڕەکی ماڵتای سەروو دەژین. وەک باوکی دەڵێت، "توانام نییە خانوو بەکرێ بگرم و بچمە ناوی".
محەممەد تاوەکو ئێستا سێ جار دەرمانی کیمیاویی وەرگرتووە، خێزانی محەممەد پشکنینیان کردووە و دەرکەوتووە خوێنی خوشکێکی محەممەد بەشێوەی "100٪" بۆ محەممەد دەبێ و گونجاوە، بەڵام کەمدەرامەتی هۆکاری سەرەکی ئەنجامنەدانی نەشتەرگەرییەکەیە.
پزیشکی محەممەد هۆشداری دەدات ئەگەر نەشتەرگەرییەکە نەکرێ لە داهاتوو مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات. دکتۆر عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی گرێی شێرپەنجە و خوێنی منداڵان، لە بەرپرسیار، گوتی: "نەخۆشیی محەممەد شێرپەنجەی خوێنە. سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەی بە خوێنبەربوونی گوێچکەی دەستیپێکردووە، بەردەوام خوێنی کەم دەکات. ئێستا لە قۆناخی وەرگرتنی کیمیاوی دایە، دوای وەرگرتنی پێنج جار دەرمانی کیمیاوی، پشکنینی پێویستی بۆ دەکرێتەوە، کیمیاوی ناتوانێ نەخۆشییەکە لەنێو ببات چونکە پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک هەیە، ئەو جۆرەش لە سلێمانی و بەغدا ناکرێ، دەبێ ببرێتە دەرەوەی ولات لە هیندستان، تورکیا یان ئێران."
لەبارەی زۆر مانەوەی محەممەد لە نەخۆشخانە و خەواندنی، دکتۆر عەبدولڕەحمان عەبدوڵلا، گوتی: "هەوکردنی زۆرە و پێویستی بە مانەوە هەیە لە نەخۆشخانە. بەڵێن بە باوکی دەدەم دوای تەواوکردنی دەرمانی کیمیاوی، پشکنین بکەینەوە و نووسراو بۆ وەزارەتی تەندروستی دەکەین بەمەبەستی چارەسەرکردنی محەممەد."
خێزانی محەممەد چاوەڕێی دەستی خێر و خێرخوازانن بۆ دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکە و رزگارکردنی ژیانی کوڕەکەیان لە مەترسی و گەڕانەوەی کوڕەکەیان بۆ نێو خێزان و یەکەم هەنگاونانی بەرەو قوتابخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ