رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی خۆشبژێویی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "ئانیلا ساعدی، کچێکی تەمەن نۆ ساڵان، چەندین جار لەلایەن باوەژنییەوە ئەشکەنجەدراوە."
حوسێن رەسوولی، بەرپرسی خۆشبژێویی پارێزگای سنە، چوارشەممە (5-2-2025) رایگەیاند "دۆسیەی ئەشکەنجەدانی کچێکی تەمەن 9 ساڵان لەلایەن باوەژنییەوە، رەوانەی لقی 7ـی دادگەی سنە کرا. منداڵەکە چەندین جار بەو شێوەیە لە لایەن باوەژنییەوە ئەشکەنجە دراوە."
ئانیلا، بەگوتەی بەرپرسەکە پێشتریش لەلایەن باوەژنییەوە براوەتە گەرماو و ''ویستوویەتی بیخنکێنێت''، بەڵام باوک و براکەی گەیشتوون و رزگاریان کردووە.
دوای ئەوەی باوک و براکەی ئانیلایان بردووتە نەخۆشخانە، لەکاتێکدا زۆر لاواز بووە و کاریگەرییەکانی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیار بووە، بۆیە کادرانی نەخۆشخانەکە لەپێناو فریاکەوتنی، کۆمەڵایەتیی سنەی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
ئانیلا زۆر جار بە سەر و چاوی رەش و شینەوە چووەتە قوتابخانە، بەرپرسانی قوتابخانەکەش خەریکی بەدواداچوون بوون بۆ ئەو بابەتە.
باوکی ئانیلا سەرەتا رەتیکردووەتەوە کچەکەی ئەشکەنجە درابێت، بەڵام کاتێک براگەورەکەی پێداگری دەکات، باوکەکەش دان بەوەدا دەنێت، هاوژینەکەی ئانیلای ئەشکەنجە داوە.
بەرپرسی خۆشبژێویی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەش کرد، باوەژنی ئانیلا دووگیانە و لەلایەن باوکی ئانیلاوە لە ماڵ دەرکراوە.
دایکی ئانیلا، 7 ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ