دانەگاز: حەقدەستمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و میسر وەرگرت

06-01-2022
عیسا حەسەن
A+ A-

رووداو-هەولێر

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی رایدەگەیێنێت، حەقدەستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و میسر وەرگرتووە، کۆی داهاتی لە عێراق و میسر گەیشتووەتە 1.38 ملیار درهەمی ئیماراتی کە دەکاتە 375 ملیۆن دۆلار.
 
داناگاز ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-1-2022 بڵاویکردەوە، زیادبوونی داهاتەکانی هەنگاوێکی گرنگە کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وەرگرتنی حەقدەستە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی میسر. دەڵێت، بڕی 39 ملیۆن دۆلاری بۆ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە حکومەتی میسر وەرگرتووە، لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازی کۆندێسەیت و گازی شل بڕی 18.377 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە کە بەراورد بە ساڵی 2020 داهاتەکەی 80٪ بەرزبووەتەوە. 
 
کۆمپانیای دانەگاز بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای پێرل پێترۆڵییەم لە کێڵگەکانی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات. 
 
ساڵی رابردوو پێرڵ پێترۆڵییەم گرێبەستێکی بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (DFC) واژۆکرد بۆ ئەوەی وەبەرهێنانەکانی لە کێڵگەی گازیی کۆرمۆر فراوان بکات و ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە تاوەکو ساڵی 2023 بگەیێنێتە 630 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و کۆی تێچووی پڕۆژەکەش 630 ملیۆن دۆلارە کە ئامانجی پرۆژەکە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە بە رێژەی 50٪ بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێستن پێترۆڵیەم و سەرۆکی بۆردی دانەگاز رایگەیاند، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا واژۆیان کردووە جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی سرووشتى لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئەوەش لەپێناو پشتگیریکردنى گەشەى ئابووریی هەرێمی کوردستان.
 
مەجید جەعفەر راشیگەیاند، سەرەڕای ئەو ئاڵنگاریانەی کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناونی، ئەوان لە وەبەرهێنانەکانیان بەردەوامبوون و رێککەوتنەکەشیان لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ پەرەدان بە سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
هاوکات دێڤ جاگەدێسان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا رایگەیاند، "وەبەرهێنانەکانی DFC لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستگەیشتنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وزە زیاتر دەکات، ئەو پرۆژەیەش دەرخەری وەبەرهێنانی بەردەوامی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان." 
 
زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی هەرێمی کوردستان
 
پرۆژەی KM-250 قۆناخی یەکەمی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆرە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بۆ رۆژانە یەک ملیار پێ سێجا. بڕیاربوو ساڵی 2020 دەست بە فراوانکردنەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانی پڕۆژەکە وەستا و لە مانگی نیسانی 2021دا دەست بە پرۆژەکە کرا، بڕیاریشە لە نیسانی ساڵی 2023 قۆناخی یەکەمی فراوانکردنەکە تەواو بێت.  
 
پێرڵ پێترۆڵیەم دەڵێت، کۆمپانیای دانەگاز و هاوبەشەکانی بڕی 2.1 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کێڵگەی کۆرۆمۆر کردووە و بڕی زیاتر لە 341 ملیۆن بەرمیل گازی هاوتای نەوت لە کێڵگەکە بەرهەمهێندراوە کە بێ پچڕان گازی سرووشتییان بۆ وێستگەکانی چەمچەماڵ و بازیان دابینکردووە، ئەوە جگە لە دابینکردنی گازی شلکراوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی تێچووەکانی حکومەت و بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان. 
 
دکتۆر پاتریک ئاڵمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەبارەی وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە پێرڵ پێترۆڵیەم شانازی بە پەرەپێدانی کەرتی گازی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئامانج لێی دابینکردنی گازی پاک و بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستانە. ئەو رێککەوتنە سەلمێنەری متمانە بەردەوامەکەمانە بە هەرێمی کوردستان و داهاتووە پرشنگدارەکەی." 
 
کۆنسیۆرتۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم، ئاماژەی بەوە داوە لە کەمکردنەوە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بە وەبەرهێنانەکانیان لە گازدا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەشێوەیەک فڕێدانی 42 ملیۆن تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان کەمکردووەتەوە، ئەوەش بە دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. 
 
پێرڵ پێترۆڵیەم دەڵێت، لەنێوان ساڵانی 2018 و 2021 وێستگەی گازی کۆرمۆر سوودی لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی گاز بە رێژەی 45٪ بینیوە، بەشێوەیەک ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتووەتە 106 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت، ئەو پرۆژەیەش گەورەترین پرۆژەی گازە لە هەموو عێراق. 
 
لە مانگی نیسانی ساڵی 2007دا دانەگاز و کرێستن پێترۆڵیەم گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکانی کۆرمۆ لە هەرێمی کوردستان، گرێبەستەکە لە بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی گاز و بەرهەمەکانی پێکدێت. دوای 15 مانگ لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستکرا بە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک

ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".