رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ژمارەیەک پاڵاوگە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون، خاوەن یان وەکیلەکانیان دەستگیرکراون و پاڵاوگەکانیشیان داخران.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر، نوێنەری دەستەی ژینگە و ناحیەی گوێر، هەستاین بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی گەڕان و بەدواداچوون بۆ چەند پاڵاوگەیەک لە سنووری پارێزگای هەولێر".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو پاڵاوگانە بە دانانی پاڵاوگەی دووەم لە نێو پاڵاوگەکانی خۆیان، جۆرە گازوایلێکی کوالێتی نزم بەرهەمدەهێنن و لەکاتی بەرهەمهێنانیدا جۆرە گازێکی ژەهراوی دەخاتە ژینگەوە کە زۆر زیانبەخشە، بەوهۆیەوە ژمارەیەک پاڵاوگە کە پابەندی رێنمایەکان نەبوون، خاوەن یان وەکیلەکانیان دەستگیرکران و پاڵاوگەکانیشیان داخران".
4ـی مانگی ئابی ئەم ساڵ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنوورەکە هەن و هەموویان دادەخەن".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی 12ـی ئابی 2024، گوتی، "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار. گوتیشی بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ