رووداو دیجیتاڵ
رووداوێكی هاتووچۆ لەسەر رێگەی ناحیەی کەڵەک - موسڵ لە قەزای خەبات لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویدا، بەهۆیەوە یەکێک لە شۆفێرەکان گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 لە نزیک ناحیەی کەڵەکی سەر بە قەزای خەبات، ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی (تۆیۆتا یارس) و بارهەڵگرێک تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گیانی لەدەستدا.
شایەتحاڵێک بەناوی جەهانگیر بە مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاتی دەرهێنانەوەی، شۆفێری تۆیۆتا یارسەکە، تەندروستیی جێگیر نەبوو و پێشمەرگەکانی فەوجی سێی لیوای 10 گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەی خەبات."
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بەرەوڕووی بارهەڵگرەکە هاتووە و پێکیاندا داوە، بەهۆی رووداوەکەوە جگە لە مردنی شوفێرەکەی، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
تیمێکی پۆلیسی هاتووچۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی سەرەتایین لە رووداوەکە. خاوەن ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە خەڵکی ناحیەی رزگارییە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش لە شوێنی رووداوەکە ماوەتەوە بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە بکرێت.
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداویان بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، بەهۆیەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ