رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە پێنج مانگ و نیوی رابردوودا هەناردەی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە گەیشتووەتە 311 ملیۆن و 161 هەزار دۆلار.
فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـوە، زیاتر لە 633 هەزار و 482 تۆن شتومەک کە بایی زیاتر لە 311 ملیۆن و 161 هەزار دۆلار بووە، لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە.
فەرامەرز ئومێدی گوتی، ئەو کەلوپەلانەی کە هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئامێرەکانی کشتوکاڵی، مریشکی بەستوو، هێلکە، کتێب و شیری وشکی منداڵ کە زیاتر بۆ وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، سووریا، تورکیا و رووسیا نێردراون.
بەڕێوەبەری گومرگی سنە لەبارەی قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە ئاشکرای کردووە، لەو ماوەیەدا 10 هەزار و 591 تۆن شتومەک بە بەهای زیاتر لە 80 ملیۆن و 754 هەزار هاوردە کراوە، کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، لە رووی نرخەوە 120% زیادیکردووە.
پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن، لەنێوان هەردوولادا کراوەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ