رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی هاوکاری بەسەر زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری، لەنگە و شێخەڵڵا دەکرێت. گوتیشی: هاوکارییەکان بۆ بازاڕی قەیسەری لە دوو ملیۆن دینارەوە تاوەکو 20 ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قەرەبووی ئەو دووکاندارانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری زەرەرمەند بوون رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی لە بەرژەوەندیی زیانلێکەوتووان دەرکردووە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕەکە کۆبووەوە.
ئومێد خۆشناو گوتی: ''بەڕێزیان ئەو موژدەیەی بە خەڵک دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی زیانلێکەوتووان دەکات و بەپێی قەبارەی زیانەکان، لە هەفتەی داهاتوودا، دەست بە دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری دیاریکراون.''
ئاگرەکە شەوی 5-5-2024 کەوتەوە. بەگوتەی پارێزگاری هەولێر 247 دووکان سووتاون و هەر کامەیان بەپێی رێژەی زیانەکانیان هاوکاری دەکرێن.
ئومێد خۆشناو لەبارەی گوژمەی هاوکارییەکان ئاماژەی دا، ''کەمترین هاوکاری بۆ ئەو دووکاندارانەی زیانیان بەرکەوتووە، دوو ملیۆن دینارە و زۆرترینیش دەگاتە 20 ملیۆن دینار.''
جیا لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، لە 27ـی شوبات ئاگرکەوتنەوەیەک لە بازاڕی لەنگە روویدا و بەهۆیەوە 166 دووکان سووتان، هەروەها 8ـی نیسان جارێکی دیکە بازاڕەکە سووتا و 48 دووکان زەرەرمەند بوون، لە 24ـی نیشانیش ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شێخەڵڵا روویدا و 17 دووکان سووتان.
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، سەرۆکی حکومەت بڕیاری هاوکاریکردنی ئەو دووکاندارانەشی دەرکردووە و ''هەر دووکانێک کە زەرەرمەند بووە، بە بڕی دوو ملیۆن دینار هاوکاری دەکرێن.''
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: ''لە هەفتەی داهاتوو لیژنەکان دەستبەکار دەبن، سەرجەم زیانلێکەوتووان فۆڕمیان لای ئێمە هەیە و پەیوەندییان پێوە دەکرێت و هاوکارییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت.''
پارێزگاری هەولێر گوتی، دوای رووداوەکە چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی دووکانداران دەرکراون، ''ئەوانەی کرێنشینی حکومەتن بە هەموو دامەزراوەکانییەوە، لێخۆشبوونیان بۆ ماوەی ساڵێک [لە پێدانی کرێ] بۆ دەردەچێت، پارەی تابلۆ و خاشاک نادەن، لێخۆشبوونی 50٪ـی باجی ساڵی 2023 و 100٪ـی باجی 2024ـیان بۆ دەردەچێت. هەر بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ئەو لێخۆشبوونە زیانلێکەوتووانی بازاڕەکانی شێخەڵڵا و لەنگەش دەگرێتەوە. ''
بەپێی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەرکەوتووە سووتاندنی بازاڕی قەیسەری بەئەنقەست بووە و چەند کەسێک دەستگیرکراون کە یەکێکیان سەرپەشتیارى تاقمەکەیە بەناوى 'هونەر فەخرەدین ئەحمەد' کارمەندی یەکەی 70یە، ئەوەی دیکەشیان 'محەممەد نەجات حەسەن' ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG) و لەلایەن راهێنەرانی چەکدارانی 'پەکەکە' راهێنانیان پێکراوە.
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان دەڵێت، ''کۆتاییانهاتووە و تاوانبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بەشێکی دانپێدانانەکەش بڵاوکراوەتەوە، بەشەکانی دیکەش لە رۆژانی داهاتوودا بە تەواوی بڵاو دەکرێنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ