بەرپرسیار؛ وردەکاریی فڕێدانی منداڵێکی 8 ساڵ لە سلێمانی

05-08-2024
عەدنان رەشید
منداڵەکە ناوی یامین مەحموودە و تەمەنی 8 ساڵە
منداڵەکە ناوی یامین مەحموودە و تەمەنی 8 ساڵە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یامین مەحموود، منداڵێکی هەشت ساڵان بە کۆمەڵێک شوێنەواری سووتان و برین لە شەقامێکی سلێمانی دۆزراوەتەوە. پۆلیس دەڵێ 'چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین بۆ زانینی هۆکاری شوێنەوارەکانی لەشی.'
 
دوای تێپەڕبوونی مانگێک و بڵاوکردنەوەی بانگەواز لەلایەن چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، باوکی یامین چووەتە لای پۆلیس و کوڕەکەی دیکەشی رادەستی ماڵی منداڵانی سلێمانی کرد.
 
دایک و باوکی یامین جیابوونەتەوە. باوکی یامین "لەسەر شەقام دەمێنێتەوە". خەڵکی سووریان و "کەمتر لە ساڵێکە" چوونەتە سلێمانی.
 
لە 17ـی تەممووزی ئەم ساڵ، چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە نووسراوێک داوای لە دادگە کردووە بانگەوازێک بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری لە رێگەی میدیاوە بکرێت. رۆژی یەکشەممە (4-8-2024) دوای بانگەوازەکە، باوکی یامین سەردانی پۆلیسی کردووە و داوای کردووە کوڕەکەی دیکەشی بەناوی "ئەمیر"، کە تەمەنی 7 ساڵە، لە ماڵی منداڵانی بێسەرپەرشت بمێننەوە.
 
ئێستا ئەمیر و یامین لە ماڵی منداڵانی بێسەرپەرشت لە سلێمانی دەمێننەوە. بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی "لە بەیانییەوە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکەین و بە وردی لە شێوازی هاتنە ناوەوەی ئەو خێزانە بۆ هەرێمی کوردستان دەکۆڵینەوە، لەگەڵ نشینگەش لەپەیوەندیدا دەبین."
 
منداڵەکە لەسەر شەقام لەنێو بازاڕی نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە 7ـی مانگی رابردوو دۆزراوەتەوە و، لەلایەن شۆفێری تاکسییەکەیەوە رەوانەی پۆلیسی نەوجەوانان کراوە. بە گوتەی بێستوون جەبار، لە 2018 یەک حاڵەتی هاوشێوە لە سلێمانی هەبووە.
 
منداڵەکە شوێنەواری سووتان و برین بە لەشییەوە دیارە. رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردووەتەوە. راپۆرتی پزیشکی دەریدەخات ئەشکەنجە دراوە یان بەهۆی کارەوە ئەو شوێنەوارانە پەیدابوون. بە بڕیاری دادوەر هەردوو منداڵەکە لە خانە دەمێننەوە."
 
نازانرێت دایکی یامین لە کوێیە. منداڵەکە "دەروونی ناجێگیرە". رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاگاداری دۆخی یامینە. 
 
عوبەیدە محەممەد، توێژەری کۆمەڵایەتی لە رێکخراوەکە، لە بەرپرسیارەوە گوتی "لە نزیکەوە سەردانی منداڵەکەمان کردووە. دۆخی دەروونی ناجێگیربوو، چەندینجار قسەکانی دەگۆڕی. پێویستی بە پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتییە. دەبێ باوکەکەش ببینین و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین."
 
یامین بە عەرەبی قسە دەکات. بە گوتەی رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، باوکی یامین دەڵێ "توانام نییە هەردوو منداڵەکەم بەخێوبکەم و بێکارم." 
 

تەواوی بەرنامەکەی بەرپرسیار:

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە