رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری دهۆک 1200 موەلیدەی ئەهلی هەن و زۆربەیان "کاتم نەکراون" و دووکەڵیان هەڕەشە لە ژینگەی شارەکە دەکەن. فەرمانگەی ژینگەی دهۆک هەڵگرتنی تەواوەتی موەلیدەکان بە تەنیا چارەسەر دەزانێ. ئەنجوومەنی باڵای دەستەی ژینگە هۆکارەکەی بۆ "نەبوونی رێکار" بەرامبەر موەلیدەکان دەگەڕێنێتەوە.
سەرووی 20 ساڵە موەلیدەی ئەهلی لە پارێزگای دهۆک دانراوە. تەنیا لە سەنتەری پارێزگا 410 موەلیدە لە 210 شوێنی جیا دانراون. فاخیر تۆفیق، دانیشتووی گەڕەکی بەڕۆشکێ، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "گەڕەکەکەمان بەهۆی دووکەڵی موەلیدەوە وەک ناوچەی پیشەسازیی لێهاتووە. بەپێی پشکنینی پزیشکی، هاوژین و منداڵەکانم بەهۆی دووکەڵەوە نەخۆشکەوتوون. زۆربەی ماڵەکانی گەڕەک بەهۆی دووکەڵەوە نەخۆشێکیان لەماڵ هەیە."
بە گوتەی پسپۆڕێک، ژینگەی دهۆک گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. د. نەجمەدین نێروەیی، پسپۆڕی ژینگە، لە بەرپرسیار گوتی، "کاتی هاتووە ژینگەی دهۆک پاکبکرێتەوە. رۆژانە دەڵێین ژینگەکەمان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەمەش بەپێی لێکۆڵینەوە سەلمێندراوە. ئەگەر وابڕوات دۆخەکە لەدەست دەردەچێ."
دووکەڵی موەلیدەکان چەندین جۆری گازی ژەهراوی دەردەکەن، جگە لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ، کاریگەریی دەکەنە سەر کشتوکاڵ، زیادکردنی پلەی گەرمی، نەهێشتنی سەوزایی، پیسکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی. د. نەجمەدین نێروەیی گوتی، "لێکۆڵینەوەیەکمان لەسەر دەنگی 40 موەلیدە کرد، 28 موەلیدە کاتم نەکرابوون و دەنگیان کاریگەرییان هەبوو. تاوانە موەلیدە لەنێو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دابنرێ".
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، گازی بەشێکی موەلیدە ئەهلییەکان لە پشکنین دەرناچن و "هۆکارێکی تووشبوونە بە شێرپەنجە".
دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک، بە رووداوی گوت، "باشترین چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە، نەهێشتنی موەلیدە ئەهلییەکانە".
دانانی هەر موەلیدەیەک پێویستی بە رەزامەندیی ژینگە هەیە و چەند مەرجێکی بۆ دانراوە یەکێک لە مەرجەکان، پیسنەکردنی ژینگەیە. د. فەیسەڵ سادق، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە بەرپرسیار گوتی، "کێشە لە نەبوونی رێکارە. سێ ساڵی رابردوو بە چڕی کارمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە. بڕیارەکەی پارێزگای هەولێر بۆ موەلیدەکان و پاوڵاتگەکان پێویستە لە شارەکانی دیکەش جێبەجێ بکرێن".
سەرووی 20 ساڵە موەلیدەی ئەهلی لە دهۆک دانراون. رەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بڕیاری بێدەنگکردن و فیلتەرکردنی موەلیدە ئەهلییەکان هەیە، بەڵام بەشێکیان پابەند نەبوون و جێبەجێی ناکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ