هاوردە و ناردنکارانی کوردستان: رێگری لە ناردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانمان بۆ عێراق دەکرێت

05-08-2024
پەیمان محەممەد
بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، "لە 1ـی ئابەوە رێگری لە ناردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانمان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "پاساویان ئەوەیە کارگەکان مۆڵەتیان لە عێراق وەرنەگرتووە.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 05-08-2024، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، ''لە سەرەتای مانگی ئابەوە رێگری لە هەناردەکاران و خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە زیادەی بەرهەمەکانیان لە پێداویستیی نێوخۆ، بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بنێرن''. 
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، پاساوی عێراق بۆ رێگریکردن لە بەرهەمە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ''کارگەکان مۆڵەتی کارکردنیان تەنیا لە هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێ  مۆڵەت لە عێراقیش وەربگرن''.
 
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، بڕیارەکەی عێراق کاریگەریی خراپی لەسەر بەرهەمی خۆماڵی دەبێت و گوتیشی، ''کارگەیەک مۆڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، هیچ پێویست ناکات لە عێراقیش مۆڵەت وەریبگرێت.''
 
پێشتر ساڵی 2018ـش لەلایەن عێراقەوە هەوڵی ئەوە درا ئەو کارگەیانەی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە، لە عێراقیش مۆڵەت وەربگرن، بەڵام دواتر هەوڵەکانیان وەستاند و ئەو رێگرییە نەما. 
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، ''بەداخەوە ئێستا لێکتێنەگەیشتنێکی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق وای کردووە کە هەر کەسێک بیەوێت کارگە بکاتەوە، دەبێ لە هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی وەربگرێت و لە عێراقیش''. 
 
بەو پێیە، خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە دەبێ باج بە هەردوو حکومەت بدەن و دوو مۆڵەت نوێ بکەنەوە. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، ''بۆ چارەسەری گرفتەکە، دەبێ لێکتێگەیشتن لەنێوان  حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست بێت. ئەوەی هەیە گرفتێکی گەورەی دروست کردووە''. 
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستاندا 28 هەزار و 189 کۆمپانیای خۆماڵی و 3 هەزار و 361 کۆمپانیای بیانی تۆمارکراون. 
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، نزیکەی 65٪ بۆ 70٪ـی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە