رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی کارتی زانیاری لەنێوان شار و شارۆچکەکان راگیرا. رێگەپێدراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاری سلێمانی دەڵێت، هۆکاری گواستنەوەکە دابەشکردنی زەوییە.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی لیوا دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، هاتووە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی کاروباری کارتی زانیاری لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، گواستنەوەی کارتی زانیاری لەنێوان شار، قەزا و ناحیەکان راگیرا تاوەکو کاتێکی نادیار".
شاخەوان مەحموود، رێگەپێدراو لە نووسینگەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاریی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆیە و هۆکاریش دەستپێکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوییە".
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئێستا گواستنەوەی کارتی زانیاری لە سەرجەم ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان (سنووری مادەی 140) بۆ ھەرێمی کوردستان راگیراوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی بەرزیی نرخی زەوی لە بەشێکی شارەکان بەراورد بە ناحیەکان، خەڵک هەوڵی داوە کارتی زانیاری بگوازێتەوە نێو شارەکان بۆ ئەوەی ئەو زەوییەی وەری دەگرێت نرخی زیاتری هەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاری سلێمانی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە هیچ سنوورێکەوە سەردانی نووسینگەکان نەکرێت بۆ گواستنەوەی کارتی زانیاری، چونکە بە فەرمان راگیراوە و مامەڵەی هیچ کەسێک ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ