رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەشێکی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ شارەوانییەکانی سنوورەکەیان. گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی دەڵێت، پلان وایە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواوی فۆرمەکان بگەڕێندرێنەوە.
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیژنەی دابەشکردنی زەوی رۆژانە سەرقاڵی وردبینییە لەو فۆرمانەی بۆ وەرگرتنی زەوی لە سنوورەکەمان پڕکراونەتەوە و کارەکانیان تەواو کراون."
45 شارەوانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی هەن. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بێ کێشە بەڕێوەدەچن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە سنوورەکەی ئەوان زیاتر لە 32 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی لە هەولێر بەردەوامە و لە بەشێکی فەرمانگەکانیش پڕکردنەوەی فۆرم کۆتایی هاتووە.
بەرپرسەکەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی دیاریکردنی شوێنی زەوین بۆ دابەشکردن و لە رۆژانی داهاتوودا شوێنەکە دیاری دەکەن.
رێکارەکانی وەرگرتنی زەوی لە پارێزگای دهۆکیش دەستیپێکردووە. بەرپرسێک لە سنوورەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، لەنێو شاری دهۆکدا زەوی بۆ دابەشکردن بەردەست نییە و ئەوەی دابەش دەکرێت لە دەورووبەری شارەکە دەبێت.
لە هەڵەبجەش دابەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەردەوامە. خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بەشێکی فەرمانگەکان پڕکردنەوەی فۆرم بەردەوامە و لە بەشێکیشی گەیشتوون بە وەرگرتنەوەی فۆرمەکان.
تاوەکو ئەمڕۆ ئەو کەسانەی مافی وەرگرتنی زەوییان دەبێت لە سنووری شارەوانی ناحیەی بەمۆ فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ شارەوانی هەڵەبجە. خێڵان عەبدولڕەحمان گوتی، "بەگشتی لە سنوورەکەمان نزیکەی 15 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن و بۆ وەرگرتنی زەوییەکانیش رێکارە یاساییەکان بەردەوامن."
قۆناخی دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکان
دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکان، هەر فەرمانگەیەک دەیباتەوە بۆ شارەوانیی سنوورەکەی و لەوێوە دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سنوورەکە. لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانییەکان، لیژنەی تایبەت وردبینی و بەراوردی نێو زانیارییەکانی فۆرمی پڕکراوە و ناسنامەکانی کەسی داواکار دەکات و دواتر پەسندی دەکات.
دوای پەسندکردنی فۆرمەکان لەلایەن شارەوانییەکانەوە، زانیارییەکان دەدرێتە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە دەبرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن.
لە فۆرمەکەدا داواکار دەبێت چەند خاڵێک بە دروستی پڕبکاتەوە کە ئەمانەن:
- ناوی چواری داواکاری زەوی (فەرمانبەرەکە)
- ناوی چواری دایک
- شوێنی نیشتەجێبوون بە گوێرەی کارتی زانیاری
- شوێنی لەدایکبوون
- باری خێزانی
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- ئەو فەرمانگەیەی کاری لێ دەکات
- ژمارەی ساڵەکانی راژەی بە نووسین و بە ژمارە
- پشتگیریی بەردەوامبوون لە راژەکەی
- ناوی هاوژین و منداڵەکانی.
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوونی پێشتری فەرمانبەرەکەیە و دەبێت بەڵێننامەش پڕبکاتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.
ئەوانەی فۆرم پڕدەکەنەوە دەبێت بە 3 نووسخەی دەستنووس پڕی بکەنەوە بۆ لیژنەکان؛ هەروەها کۆپی رەنگاوڕەنگی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی هاوپێچ بکرێت لەگەڵی.
رێکارەکان لە کاتێکدان، 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو شاری ناوەندی پارێزگاکە 5 هەزار دینار
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان 3 هەزار دینار
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ