رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارەکەی دوێنێی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ لە رێگەی دوو لیژنەی تایبەتەوە زیاتر لە 25 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری هەولێر داخران.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی دوو لیژنەوە کە پێکهاتوون لە نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەستیپێکردووە و بەردەوامە".
هیرانی کە ئەندامی لیژنەکەیە گوتی، تەنیا لە رێگەی قوشتەپە زیاتر لە 15 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون: "هەندێک پاڵاوگە هەن دەرگایان نییە دابخرێت، بۆیە سبەی رێگەکانیان بەربەست دەکرێت".
هەر ئەمڕۆ مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان لە ئەمڕۆوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو نیوەڕۆ لە سنوورەکەمان 10 پاڵاوگە داخراون".
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ گوتی، "پاڵاوگە یاساییەکانیش دادەخرێن، بەڵام ئەوانەی یاسایین پێداچوونەوە بە مۆڵەتەکانیان دەکرێت، ئەگەر بەشێوەیەکی دروست کاریان کردبێت رێگەیان پێدەدرێت کاربکەنەوە، بەڵام نایاساییەکان بەیەکجاری دادەخرێت".
دوێنێ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا چەند بڕیارێکی تایبەت بە رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی هەوای هەولێری خستەڕوو.
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، ''لەپێناو ژینگەیەکی باشتر بۆ هەولێر و پاراستنی، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی کرد و تێیدا 7 بڕیاری گرنگ دران و لە ئەمڕۆوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەن. یەکێک لە بڕیارەکان تایبەتە بە پاڵاوگە نایاساییەکان و پارێزگاری هەولێر گوتی، ''دەبێ هەر 138یان دابخرێن. داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت".
جگە لە داخستنیان، پارێزگاری هەولێر داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە ''بە هیچ شێوەیەک مادەی خام و پێداویستییەکانی نەوتی رەش بۆ پاڵاوگە نایاساییەکان دابین نەکات؛ هەر گرێبەستێکیشیان لەگەڵ وەزارەت هەیە، لە ئەمڕۆوە کاری پێ نەکرێت، چونکە بڕیاری داخستنیان دراوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ