راپۆرتی پشکنەری گشتی بۆ کۆنگرێس: هەسەدە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنەی هەیە

05-08-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، راپۆرتی پشکنەری گشتی وەرزیی تایبەت بە 1ی نیسان تاوەکو 30ی تەممووزی ئەمساڵی لەبارەی ئەرکەکانی هاوپەیمانان لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا پێشکێشی کۆنگرێس کرد. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و سوپای سووریای ئازاد ئۆپەراسیۆنی بەردەوام دەکات.
 
لە راپۆرتەکەی پشکنەری گشتیدا هاتووە، هەسەدە کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری رووبەرت پارێزگاکانی دێرەزوور و رەققە لە سووریا و حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات؛ هەروەها چەند ناوچەیەکیشی لە پارێزگای حەلەب بەدەستەوەیە. چەکدارانی سوپای سووریای ئازادیش لە دەوروبەری بنکەی سەربازیی تەنف لە نزیک سنووری عێراق و ئوردون هەن.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکەی پشکنەری گشتی، هێزی هاوپەیمانان هاریکاریی هەسەدە دەکات لەو ناوچانەدا کە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کۆنترۆڵی کردوون؛ لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریاش لە نزیک بنکەی سەربازیی تەنف لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد کاردەکات و بەرکەوتنیشیان لەگەڵ هێزەکانی رووسیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هەیە.
 
لەبارەی هێزەکانی نزیک لە تورکیا و ئەنقەرەش دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵی بەشێکی باکووری سووریایان کردووە کە بریتین لە هەرێمی عەفرین، ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان. بە گوێرەی راپۆرتەکەی پشکنەری گشتیی هاوپەیمانان، تورکیا جاروبار ئۆپەراسیۆن دەکات کە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر هەسەدەیە و بیانوویشی بۆ ئەو کارەی، نزیکی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەرە لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەوە.
 
لەبارەی هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی هاوپەیمانان لەگەڵ هەسەدە، راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، هەسەدە و هاوپەیمانان لە پارێزگای حەسەکە و چەند بەشێکی دێرەزوور ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەن؛ هەروەها لە رەققەش هاوپەیمانان پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە دژی داعش دەکەن.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە و هاوپەیمانان
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە 1ی نیسان تاوەکو 30ی تەممووزی ئەمساڵ، هاوپەیمانان تەنیا یەک ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنەیان کردووە و ئەوانی دیکە هەموویان لەگەڵ هەسەدەدا بوون.
 
پشکنەری گشتی دەڵێت، هەسەدە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورەی نەکردووە کە چەند رۆژێکی خایاندبێت، بەڵام باس لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەو هێزە و هاوپەیمانان دەکات، لەوانەش ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کە تێیدا ئەندامێکی داعشیان دەستگیرکرد کە کاروبارە داراییەکانی داعشی بەڕێوەبردووە؛ هەر لە راپۆرتەکەدا باس لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لە رەققە کراوە کە تێیدا هەسەدە و هاوپەیمانان ئەندامێکی داعشیان کوشتووە و چواری دیکەیان دەستگیرکردووە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، هێزی هاوپەیمانان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئێستا هەسەدە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنەی هەیە و دەتوانێت شانە نوستووەکانی داعش بدۆزێتەوە، پلانیان بۆ دابنێت و هێرشیان بۆ بکات.
 
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، ئەمریکا و هەسەدە 34 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دژە داعشیان لە 1ی نیسان تاوەکو 30ی تەممووز کردووە؛ هەروەها لەو ماوەیەدا و لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانە 55 ئەندامی داعش دەستگیرکراون و 7ی دیکەشیان کوشتوون.
 
مەشقی هاوپەیمانان بە هێزی ئاسایشی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر
 
بە گوێرەی راپۆرتەکەی پشکنەری گشتی، هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 27 بەندینخانەی هەیە کە 10 هەزار ئەندامی داعشیان تێدا زیندانیکراون؛ لەو ژمارەیەش 2000یان خەڵکی دەرەوەی سووریا و عێراقن. بە گوێرەی راپۆرتەکە، کاتێک هاوپەیمانان سەردانی بەندینخانەکانیان کردووە، زانیویانە کە بەشێوەیەکی گونجاو پارێزگارییان لێدەکرێت و هەسەدە بە باشی دەتوانێت رێگە لە هەڵاتنی زیندانییەکان بگرێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی پشکنەری گشتی، هێزەکانی ئەمریکا ماوە ماوە پێداچوونەوە بە بنیادی بەندینخانەکان دەکات و ئەگەر هەست بە کەموکوڕییەک بکات و پێویست بکات، رێنمایی و پێشنیاز دەداتە هەسەدە و هۆکاری ئەو پێداچوونەوەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە زۆربەی ئەو زیندانانە بۆ مەبەستی دیکە دروستکراون و ئێستا کراونەتەوە بەندینخانە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کار لەسەر ژمارەیەک پرۆژەی بنیاتنەر دەکات، لەوانە دروستکردنی ژمارەیەک بەندینخانە و نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی ستانداردی ئەو بەندینخانانەی ئێستا هەن. 
 
لەبارەی توانای هەسەدە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر بەندینخانەکانی ژێر دەسەڵاتی یان یاخیبوون لەنێو زیندانەکان، راپۆرتەکە دەڵێت، هەسەدە توانایەکی باشی لە وەڵامدانەوەی هەر رووداوێک پەیدا کردووە؛ هەروەها باس لەوەشکراوە، هیچ هێرشێک بۆ سەر هیچ کام لە بەندینخانەکان نەکراوە و داعش نەیتوانیوە هێرشی کاریگەر بۆ سەر گرتووخانەکان بکات.
 
هاوپەیمانان بەردەوامبوون لە مەشقکردن بە هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، تاوەکو توانای پارێزگاریکردن و پاسەوانیی بەندینخانەکانیان زیاتربێت و توانای داعش بۆ بەهێزبوونەوە لەرزۆک بکەن؛ هەروەها هێزەکانی ئەمریکا لە بەندینخانەکان مەشقیان بە هێزەکانی ئاسایش لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە تاوەکو بتوانن باش بیانپارێزن، ئەوە بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی دراوەتە کۆنگرێس. 
 
راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، 106 ئەندامی ئاسایش و 86 پاسەوانی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو ماوەیەدا مەشقیان پێکراوە؛ ژمارەکە بەهۆی مانگی رەمەزانەوە کەمتر بووە لە وەرزی پێشوو. هاوپەیمانان ئاماژە بەوەدەکات، توانای هەسەدە بۆ پارێزگاریکردن لە بەندینخانەکان لەگەڵ دەرچوونی هەر ژمارەیەک لە ئەندامی ئاسایش و پاسەوان زیاتردەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.