رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی سنووری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، شەڕی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی بەردەوامە و ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دروستکردووە.
فایەق خالید، هاونیشتمانییەکی سنووری ئامێدییە و رۆژی هەینی 5-7-2024 لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "سوپای تورکیا لە هێرشەکانیدا سوود لە فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر وەردەگرێت و دۆخەکە زۆر زۆر خراپە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکە دوو رۆژ لەمەوبەر ئاگر لە سنووری گوندی سەرگەلێ کەوتەوە و کاتێکیش هاونیشتمانیان چوون بۆ ئەوەی ئاگرەکە بکوژێننەوە، تەقەیان لێکرا.
فایەق خالید گوتیشی، رۆژی پێنجشەممەش گوللە تۆپێک لەنێو گوندی گوهەرزی کەوتە خوارەوە و ئەم شەویش دەوروبەری کاژێر 10:00 گوللە تۆپ کەوتە حەوشەی سێ ماڵی گوندەکە.
یەکێک لە گوللە تۆپەکان لە حەوشەی ماڵی هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد تاهیر کەوتوەتە خوارەوە و لەو بارەوە ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، پەنجەرەی خانووەکە و جامی ئۆتۆمبێلەکەی شکاون، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
هاوکات هەر رۆژی هەینی، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەشێک لە گوندەکانی سنووری ئامێدی، پەکەکە تەقەی لە تانکەکانی سوپای تورکیا کردووە و سوپای تورکیاش چەند گوندێکی بۆردوومان کردووە."
کامەران عوسمان کە رێکخراوەکەی بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، دەڵێت، "تورکیا لە رێگەی فڕۆکەوە بە چڕی گوندەکانی گرگاشێ و مژێ لە دامێنی چیای گارە بۆردوومان دەکات." ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بۆردوومان و شەڕەوە "ئاگرێکی گەورە" لە سنووری گوندی مژێ لە سنووری قەزای ئامێدی کەوتووەتەوە.
ئەو ئەندامەی (CPT) گوتیشی، "شەڕ و پێکدادانی قورس لە سنووری گوندی سەرگەلێش هەیە. لە شەوی رابردووەوە لە سنووری سەرگەلێ شەڕە و دەنگی تەقە دەبیسترێت."
بە گوێرەی رێکخراوەکە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئایاری 2024، سوپای تورکیا 833 بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئەنجامدا هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ