لە هەڵەبجە 500 کەس دادەمەزرێن

05-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لینکی پڕکردنەوەی فۆرم بۆ دامەزراندن لە هەڵەبجە کارا کراوە. جێگری پارێزگار دەڵێت، ئەوانەی وەردەگیرێن بەسەر 67 فەرمانگەدا دابەش دەکرێن.
 
پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە دوێنێوە کارا کراوە و تاوەکو 15ی حوزەیران کراوە دەبێت. کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دامەزراندنەکە بۆ زۆرینەی توێژەکانە. جگە لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، هاونیشتمانییانی سنوورەکە بەگشتی دەتوانن داوای دامەزراندن بکەن. بۆ نموونە، دامەزراندنی باخەوان و شۆفێریش هەیە."
 
ئەوانەی فۆرمەکە پڕدەکەنەوە دەبێت لەدایکبووی 1988 بەرەو سەرەوە بن. کاوە عەلی دەڵێت، داوایان کردووە تەمەنەکە دەستکاری بکرێت و هاونیشتمانییانی لەدایکبووی 1982 بەرەو ژوور مافی ئەوەیان هەبێت داوای دامەزراندنەکە بکەن.
 
بڕیارە 500 کەس دابمەرزرێن. کاوە عەلی دەڵێت، ئەو 500 کەسە دابەشی سەر فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان دەکەن، ئینجا سەنتەری هەڵەبجە بێت یان شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگاکە.
 
هەروەها شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ کاروباری کارگێڕی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ پڕکردنەوەی پێویستی تەواوی فەرمانگەکانی هەڵەبجە زیاتر لە 7000 فەرمانبەریان پێویستە.
 
شاهین رەزا گوتی، ئەوانەی دادەمەزرێن بە شێوەی گرێبەست دەبن. گوتیشی، "دوای پڕکردنەوەی فۆرم و کۆتاییهاتنی وادەکە، لیژنەیەک لە هەڵەبجە دادەنیشێت و بەبێ دەستوەردانی هیچ کەس و لایەنێک ئەو کەسانە دیاری دەکات کە دادەمەزرێن."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ئەنجوومەنى راژەى گشیی هەڵدەستێت بە وەرگرتنى فۆرمى داواکاریی دامەزراندن بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەى گرێبەست بە ڕەچاوکردنى خاڵەکانى خوارەوە:
 
- پێویستە پێشکێشکار (Email)ی تایبەت بە خۆی لە ئەکاونتی (Gmail) هەبێت و (Sign-in) کرابێت بۆ ئەوەی بتوانێت فۆرمی داواکاری دامەزراندن پڕبکاتەوە.
- تەنیا دانیشتووانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دەتوانن فۆرمى داواکارى دامەزراندن پێشکێش بکەن.
- پێشکێشکار مافی هەیە تەنیا یەک پسپۆڕى لە فۆرمى داواکارى دامەزراندن هەڵبژێریت.
- پێشکێشکار دەتوانێت تاوەکو (3) وەزارەت و لایەنى نەبەستراو بە وەزارەت بۆ کارکردن لە بواری پسپۆڕییەکەی هەڵبژێرێت، بە مەرجێک پسپۆڕییەکەی لە لایەن وەزارەتەکە داواکرابێت.
 - ناردنی زیاتر لە یەک فۆرمی داواکاری لە لایەن پێشکێشکار رێگەپێدراو نییە و دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەی.
 
22ی شوباتی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە و لە خاڵێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''