رووداو دیجیتاڵ
پەرتووکی ''نوانەسازی و ئاماژەپێوی لە نووسینی ئەکادیمیکی کوردی'' لە نووسینی د. بەختیار سەجادی بڵاوکرایەوە؛ نووسەرەکەی دەڵێت، ''ئەم پەرتووکە، رێنماییە بۆ نووسینی توێژینەوەی زانستی و باس لە کێشەکانی زمان دەکات و چارەسەر دەخاتەڕوو.''
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024، دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن، لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر پەرتووکێکی نوێی لەسەر زمانی کوردی لە ژێر ناوی ''نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادیمیکی کوردی'' بڵاوکردەوە. پەرتووکەکە لەلایەن پرۆفیسۆری هاوکار د. بەختیار سەجادی نووسراوە.
لە رێوڕەسمەکەدا د. بەختیار سەجادی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ئەم پەرتووکە، رێنماییە بۆ نووسینی توێژینەوەی زانستی و باس لە کێشەکانی زمان دەکات و چارەسەر دەخاتەڕوو.''
بە گوتەی ئەو نووسەرە، بواری کتێبەکە زانستێکی نوێیە و ''لە کوردیدا پێی دەگوترێت زانستپێوی، واتا زانستێک کە زانستەکە [زمان] هەڵدەسەنگێنێت.''
د. بەختیار سەجادی دەڵێت، 92٪ـی توێژینەوە زانستییەکانی جیهان بە زمانی ئینگلیزی نووسراون و 4٪ـی توێژینەوەکان بە زمانی چینی، 3٪ بە زمانەکانی فەڕەنسی، رووسی، ئەڵمانی و ژاپۆنی نووسراون و تەنیا 1٪ توێژینەوەکان بۆ سەرجەم زمانەکانی دیکەی زیندووی جیهان دەمێننەوە.
وەک ئەو نووسەر و رەخنەگرە ئاماژەی پیێدا، لە ساڵی 1996ـوە تاوەکو 2022، لە ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەگشتی یەک ملیۆن و 135 هەزار توێژینەوەی زانستی لە ناوەندە زانستییە نێودەوڵەتییەکان تۆمارکراون کە ''بەداخەوە لەو ژمارەیە، هیچ توێژینەوەیەکیان بە زمانی کوردی نین.''
د. بەختیار سەجادی دەڵێت، زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە و ''کەم زمان هەیە کە لە رووی فەرهەنگی وشەیی و دەوڵەمەندیی زاراوەییەوە هێندە بەرفراوان بێت، بەڵام پێویستە کار بۆ نووسینی توێژینەوەی زانستی بە زمانی کوردی بکرێت.''
ئەو نووسەرە دەستخۆشی لە دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن دەکات کە گرنگیی بە کەرتی پەروەردە و زمان دەدات و دەڵێت: ''لە رووی پەروەردەوە، چالاکییەکانی ڤیژن ئیجوکەیشن درێژکراوەی سیاسەتەکانی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.''
د. بەختیار سەجادی کێیە؟
- نووسەر، توێژەر، رەخنەگر و مامۆستای زانکۆ
- ساڵی 1976 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
- پرۆفیسۆری هاوکار لە ئەدەبی ئینگلیزی و رەخنەی ئەدەبی
- دامەزرێنەر و سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان (2015 - 2020)
- بەڕێوەبەری ژوڕناڵی CLS.
- سەرنووسەری ژوڕناڵی ئەدەبی کوردی (JKL).
- چەندین بەرهەمی بە کوردی چاپکراون.
سارا سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن گوتارێکی لەبارەی پەرتووکەکەوە پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ئەم پەرتووکە سەرەتایەکی نوێیە لە پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئاستی زانست و توێژینەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکان.''
سارا سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد، 'پەرتووکی نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادیمیکی کوردی یەکەم پەرتووکی نوانەسازییە و لەوە دەکۆڵێتەوە کە زمانی کوردی بە چ شێوەیەک دەتوانێت لە رەوتی بەرهەمهێنانی بیر و زانست لە جیهانیی ئەمڕۆدا ببێتە خاوەن پشک.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەکە گوتیشی، د، سەجادی لە پەرتووکەکەیدا لە رەوشی ئێستای گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکان دەکۆڵێتەوە و ''نووسەر لەو رێگەیەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوە زانستییەکان رێکار دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات کە، چۆن زمانی کوردی بخرێتە ریزی زمانە پێشکەوتووەکانی جیهان، هەروەها چەندین پێشنیاز و چارەسەریشی تێدا باس کراوە.
دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن لە ساڵی 2018 دامەزراوە و خاوەنی چەندین قوتابخانەی نێودەوڵەتی و زانکۆی ئەهلییە، کە قازانجی لە دامەزراوە ئەهلییەکانی بۆ خزمەتی پەروەردەی گشتی بەکاردەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ